رووداو - کەرکووک
ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە عەرەبی هاوردە بوونەتە بەربەست لەبەردەم کارکردنی جووتیارانی گوندی پەڵکانەی سەرگەڕان لەسەر زەوییەکانیان. فەرهاد یەکێکە لەو جووتیارانە و ئەو هاوردانەی چوونەتە سەریان سەرجەمیان قەرەبووی مادەی 140یان وەرگرتووە لە بەرامبەر دەستهەڵگرتن لەو زەوی و زارانەی کورد، کە بەعس پێی دابوون و گرێبەستی بۆ کردبوون.
بەپێی نووسراوێک، سەرجەم گرێبەستی هاوردەکان هەڵوەشاوەتەوە، کەچی هەر رۆژەی بە گوشارێک دەچنە سەر خەڵکی گوندی پەڵکانە.
فەرهاد، جووتیاری گوندی پەڵکانە دەڵێت، "ئەو هاوردەیەی هاتووەتە سەر زەوییەکەی من و ناهێڵێت من کار لەسەر زەوییەکەم بکەم، دەڵێت: زەوییەکە هی منە. لە هەمان کاتدا قەرەبووی مادەی 140ی وەرگرتووە و هیچ مافێکی نەماوە و گرێبەستەکەی هەڵوەشاوەتەوە."
بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لەو کێشانەی زەوی و زار، یونامی پڕۆژەیەکی ئامادە کردووە. بەپێی پڕۆژەکە، هاوردەکان دەست لە زەوی و زارەکان هەڵدەگرن و لە بەرامبەردا قەرەبوویەکی دیکەیان پێدەدرێت.
تورکمان پێشنیازی ئەو پرسەیان کردووە و رێککەوتنیان لەگەڵ لایەنی عەرەبی کردووە. حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی دەڵێت، "پڕۆژەیەکی هاوبەشی زەوی و زارمان پێشکێش کردووە بۆ چارەسەری کێشەکە. دانوستاندنمان کردووە لەگەڵ نوێنەرانی برایانی عەرەب بۆئەوەی بگەینە رێگەچارەسەرێکی ئەم کێشانە بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەوانەی خاوەنی گرێبەستن تاوەکو کێشەکە بە یەکجاری چارەسەر بکەین."
ئەنجوومەنی عەرەبی لەبارەی پڕۆژەکەوە لارییان نییە، بە مەرجی ئەوەی، وەکو خۆیان دەڵێن، مافی خاوەن گرێبەستی راستەقینە نەفەوتێت.
حاتم تائی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی عەرەبی ئاماژە بەوە دەکات، "ئەمە پێشنیازێکە لە یونامییەوە بۆ چارەسەری کێشەی نێوان پێکهاتەکان، بەتایبەت کێشەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان. ئێمە دژی گفتوگۆ نین لەسەر گەیشتن بە چارەسەری کێشەکان، بە مەرجێک بە دڵی هەمووان بێت، بە مەرجی ئەوەی لە سەرووی یاساوە نەبێت و بەرکەوتەی خاوەن گرێبەست نەبات."
کێشەی زەوی و زار لە سنووری کەرکووک لەنێوان هەرسێ پێکهاتەکەدا بە جۆرێکە کە زۆرترین زەویی کورد و بەشێکی تورکمان لە سەردەمی بەعس وەرگیرانەوە و دەیان جووتیاری عەرەب لە ناوچەکانی دیکە هاوردە کران و ئەو زەوییانەیان پێدرا.
وێڕای ئەوەی بەپێی ماددەی 140ی دەستوور چارەسەری بۆ دانراوە و گرێبەستی هاوردەکان هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام ساڵانێکە ئەم کێشەیە سەریهەڵداوەتەوە لەدوای گۆڕانکاریی دەسەڵاتی ئیداری و سەربازیی سنوورەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ