چیرۆکی رزگارکردنی هاونیشتمانییەکی 63 ساڵ لە لافاوەکەی رووها؛ 'بەملاو ئەولادا دەیبردم'


رووداو دیجیتاڵ

نێوەڕاستی ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی بارانبارین چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستانی گرتەوە و کاریگەرییەکەی زیاتر لە رووها و سەمسوور دەرکەوتن و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا 18 کەس گیانیان لەدەستداوە. یەکێک لەو دیمەنانەی کە سەرنجی میدیاکانی لەسەر بوو، ئەوە بوو کە لافاوەکە پیاوێکی بەتەمەن لەگەڵ خۆی دەبات، بەڵام دواتر رزگار دەکرێت.
 
ئەو هاونیشتمانییە تەمەن 63 ساڵە رزگارکراوە ناوی رەشاد هایڤایە. لەنێو یەکێک لە کۆڵانەکانی رووها لافاو بردی و دواتر لەلایەن چەند هاونیشتمانییەکی دیکەوە رزگار کرا، بەڵام لەسەر جەستەی چەندین برین هەن و ئێستا لەسەر جێگەیە.
 
رەشاد هایڤا، رزگاربووی لافاو دەڵێت، "هەوڵم دا ئۆتۆمبێلەکەم بە ستوونەکەوە گرێبدەم، بەڵام خلیسکام و کەوتمە نێو لافاوەکە. ئاوەکە بەملاو ئەولادا بردمی. بەر ئۆتۆمبێلەکان کەوتم. هاوسەنگیم لەدەستدا، دەست و قاچەکانم برینداربوون. پشتم برینداربوو."
 
لافاوەکە دوو کیلۆمەتر رەشادی لەگەڵ خۆی برد. هێندەی نەمابوو گیان لەدەست بدات، بەڵام چەند هاونیشتمانییەک فریای کەوتن. 
 
رەشاد هایڤا باس لەوەش دەکات، "چوار گەنج لە نووسینگەیەک بوون. گوتیان ئەم مامەیە دەڕوات، وەرن با رزگاری بکەین. یەکێکیان دەست و یەکێکی دیکەیان قاچیان گرتم و رزگاریان کردم. جلەکانم هەموویان دڕابوون و قوڕاوی ببوون. لەنێو بەتانییەکدا دایاننام. تەلەفۆنی ئەمبوڵانسیان کرد، بەڵام بەهۆی خراپبوونی رێگەکەوە نەهات."
 
دیمەنەکان لە لایەن هاونیشتمانییەکەوە تۆمارکران و بڵاوکرانەوە. بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان رەخنەیان لەو هاونیشتمانییە گرت و گوتیان، لەبری ئەوەی رەشاد رزگاربکات، ڤیدیۆی تۆمارکردووە، بەڵام رەشاد خۆی بۆچوونێکی دیکەی هەیە.  
 
ئەو هاونیشتمانییە رزگاربووەی لافاو ئاماژە بەوە دەکات کە، "کەسێک ڤیدیۆی تۆمار دەکرد. ئەویش دەترسا، ئەگەر بە هانامەوە هاتبا، رەنگە خۆیشی بەر لافاوەکە کەوتبا. ئەو هیچ هەڵەیەکی نەکردووە و خۆیشی دەترسا."
 
رەشاد هایڤا رۆژی لافاوەکە بە ئومێدی رزگارکردنی ئۆتۆمبێلەکەی لە ماڵ دەرکەوتبوو، بەڵام کەمێکی مابوو چارەنووسی وەک 16 کەسی دیکەی رووهای لێ بێت، کە بە لافاو گیانیان لەدەستدا.