شەش بەندکراوی کورد لە گرتووخانەی ورمێ لەسێدارە دران


رووداو دیجیتاڵ

کەسوکاری محێدین ئیبراهیمی، ئەو هاونیشتمانییەی ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارەدرا، لە بەردەم گرتووخانەی ورمێ گردبوونەوە و داوایان کرد تەرمەکەی وەربگرنەوە، بەڵام وەڵامیان نەدرایەوە. هاوکات هەر ئەمڕۆ پێنج بەندکراوی دیکەی کورد لە سێدارە دران.  
 
محێدین ئیبراهیم بەرەبەیانیی رۆژی هەینی، 17-03-2023، لە گرتووخانەی ورمێ لەسێدارە درا، ئەوەش بە تۆمەتی "چالاکی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەندامێتیی لە حیزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستان."
 
ئەوین مستەفازادە، گوتەبێژی ئاژانسی مافی مرۆڤی کوردپا دەڵێت، "تۆمەتی کاک محێدین ئیبراهیمی وەستانەوە بوو دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، تەنانەت ئەو وەکیلەی کە حکومەت لە دادگەی یەکەم بۆی دیاریکردووە دەڵێت: هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەو تۆمەتە بوونی نییە و کاک محێدینیش خۆی ئەو تۆمەتەی رەتکردووەتەوە."

 

محێدین ئیبراهیمی تەمەن 43 ساڵ، لە گوندی ئاڵکاوێی شنۆ لەدایکبووە. خێزاندارە و پێنج منداڵی هەیە. ساڵی 2010 بە هۆکاری سیاسی 14 مانگ بەند کراوە. لە 03/11/2017 بە تەقەی هێزەکانی ئێران بریندار بوو و، دواتر دەستبەسەر کرا. لە 2018 لە دادگەی شۆڕشی ورمێ بە لەسێدارەدان سزا درا. ساڵی 2019 سزای لەسێدارەدانی لە دیوانی باڵای دادوەریی ئێران هەڵوەشایەوە، بەڵام ساڵی 2020 جارێکی دیکە بە لەسێدارەدان سزا درایەوە و ئەمڕۆ سزاکەی پەسند کرا.
 
محێدین ئیبراهیمی کاسبکار بوو و، ساڵی 2017 برایەکی بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەستدا. لەگەڵ ئەو، پێنج بەندکراوی دیکەی کوردیش لەسێدارە دران. بەپێی هەواڵی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، نەسرین نیازی تەمەن 32 ساڵان و دانیشتووی شاری کەرەج کە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بە لەسێدارەدان سزا درابوو، ئەمڕۆ سزاکەی پەسند کراوە.
 
هەروەها سزای چوار بەندکراوی دیکەی کوردیش کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو، ئەمڕۆ هەینی جێبەجێ کران. فروهەر عەباسنەژاد، محەممەد ئەیوبییان، جەهانبەخش رادلویی، یاسین رەشیدی کە خەڵکی ناوچەکانی سۆما و تەرگەوەڕی ورمێ بوون لەسێدارە دراون. تەرمی ئەوان رادەستی کەسوکاریان کرایەوە.