سۆزان مەنسوور: 368 دۆنم باخ لە خانەقین کراوەتە زەویی بازرگانی


رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری خانەقین لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تاوەکو ماددەی 140ـی دەستوور جێبەجێ نەکرێت، کێشەی دەستبەسەرداگرتنی زەویی جووتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە 368 دۆنم باخ لە خانەقین وشککراوە و کراوەتە زەویی بازرگانی و نیشتەجێبوون.
 
سۆزان مەنسوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رۆژی هەینی، 17-3-2023، بە رادیۆی رووداوی گوت، کێشەی زەویوزاری جووتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە "تاوەکو ئێستا ماددەی 140ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق جێبەجێ نەکراوە. تاوەکو ئەو ماددەیە جێبەجێ نەکرێت، ئەم کێشەیە بەردەوام دەبێت."
 
سۆزان مەنسوور گوتیشی، لەماوەی رابردوودا جگە لە دەستبەسەرداگرتنی زەویی جووتیاران، گواستنەوەی کاروباری وڵاتینامەی عەرەبی هاوردە لە پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراقەوە بۆ خانەقین و ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکە هەبوو و گوتیشی: "لەسەر ئەو پرسە نووسراوێکی فەرمیمان دایە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و وەزارەتی نێوخۆی فیدراڵی. دواتریش وەزارەتی ناوخۆ بە بڕیارێک گواستنەوەی وڵاتینامەی بۆ ناوچەکانی ماددەی 140 راگرت تاوەکو جێبەجێکردنی ماددەکە".
 
لەبارەی هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەی جووتیارانی کورد، نوێنەرەکەی خانەقین لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "بەشێکی سەرەکی ئەو کێشەیە بۆ ئەو گرێبەستە کشتوکاڵییە دەگەڕێتەوە کە دەسەڵاتی سەدام بۆ عەرەبی هاوردەی کردووە و ئێستا لەگەڵ وەزارەتی دادی عێراقی لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانداین، تەنانەت وەزارەتی دادی عێراق ساڵی رابردوو فەرمانێکی دەرکرد کە گرێبەستی عەرەبی هاوردە نوێنەکرێتەوە، بەڵام بڕیارەکە وەکوخۆی جێبەجێ ناکرێت".
 
سۆزان مەنسوور گوتیشی، تاوەکو ماددەی 140 جێبەجێ نەکرێت، ئەم کێشانە بەردەوام دەبن و گوتیشی، پەرتەوازەیی و نەبوونی یەکدەنگیی کورد لە بەغدا کاریگەریی خراپی لەسەر دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هەیە.
 
ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، تاوەکو ئێستا 368 دۆنم باخ لە خانەقین وشککراوە و کراوەتە زەویی بازرگانی و نیشتەجێبوون و فرۆشراوە کە هەموو فەرمانگەکانی خانەقین بەرپرسن لەو کارە و گوتیشی: "لە رێگەی لیژنەی دەستپاکیی عێراقەوە بەدواداچوون بۆ وشککردنی باخەکانی خانەقین دەکەم و لێکۆڵینەوە دەکەین".