هەسەدە: 9 شەڕڤانمان لە تێكشکانی دوو هێلیکۆپتەر لە باشووری کوردستان شەهیدبوون

17-03-2023
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەو کەسانەی لە تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەی سنووری پارێزگای دهۆک گیانیان لەدەستدا، شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکرات -هەسەدە بوون، ئەو هێزە کوردییە لە راگەیێندراوێکدا ئەوەی پشتڕاستکردەوە و راشیگەیاند، دوو هێلیکۆپتەر بوون نەک یەک، کە پێشتر باس لە یەک هێلیکۆپتەر دەکرا.
 
ئەمڕۆ هەینی، 17-03-2023، هێزەکانی سووریای دیموکرات -هەسەدە لەبارەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی سنووری پارێزگای دهۆک لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد کە "دوو هێلیکۆپتەر" لە کاتی گواستنەوەی هێزێکی دژەتیرۆری سەربە ئەوان لە کاتێکدا لە رێگەدا بوون بۆ شاری سلێمانی، لە سنووری پارێزگای دهۆک تێکشکان و بەهۆیەوە "9 شەڕڤانمان شەهید بوون."
 
بەگوێرەی هەسەدە، هەر یەکە لە هۆگر دێریک، شەڕڤان کۆبانێ، کۆچەر دێریک، خەبات دربێسیێ، فاراشین باران، رۆژەنگ رەفات، دیدار دێریک، دۆغان عەفری و هاروون رۆژاڤا لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە کە شەڕڤان کۆبانێ فەرماندەی هێزەکانی دژەتیرۆر بووە.

 

 
هەسەدە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکانی بۆ خراپیی کەشوهەوا گەڕاندووەتەوە و دەڵێت، لە رووداوەکەدا "9 شەڕڤان"یان گیانیان لەدەستداوە کە لەنێویاندا شەڕڤان کۆبانێ، فەرماندەی هێزەکانی دژەتیرۆری سەر بە هێزەکانی هەسەدەی تێدا بووە.
 
بەگوێرەی هەسەدە، ئەو هێزەیان لە "چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر" و لەپێناو ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و سەربازی بۆ پاراستنی دانیشتووانی رۆژئاوای کوردستان بەرەو شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان دەچوون، بەڵام لە رێگەدا و بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە دوو هێلیکۆپتەرەکە تێکشکان و بەهۆیانەوە 9 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
هێلیکۆپتەرە تێکشکاوەکان لە جۆری Eurocopter AS350 بوون. دوای ئەو رووداوە؛ تورکیا و هاوپەیمانان هەر زوو رەتیانکردەوە کە هێلیکۆپتەری ئەوان بێت. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو؛ شەڕڤان عەبدی، کەسێکی نزیکی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە بووە، پێشتر لە ئۆکراینا ژیاوە و ساڵی 2013 گەڕاوەتەوە رۆژئاوای کوردستان. هەروەها شەڕڤان عەبدی بەشداری لە شەڕی سەر گرتووخانەی غوێران کردووە و لەوێ بریندار بووە.
 
هەسەدە لە بەشێکی راگەیێندراوەکەیدا باس لەوە دەکات کە هێزەکانی دژەتیرۆر بە سەرکردایەتیی شەڕڤان عەبدی چەندین سەرکردەیان لە شەڕی "دژی تیرۆردا" لەدەستداوە و لە کۆبانێ تاوەکو دێرەزوور بەشدارییان لە چەندین شەڕدا کردووە.

 

 
هەسەدە دەشڵێت، هێزەکانی دژەتیرۆر بە شێوەیەکی پێشکەوتوو مەشق و راهێنانیان پێکراوە و هاوبەشێکی سەرەکیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشن لە ناوچەکە. دەشڵێت، لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەکانیان چالاکانە کار دەکەن بۆ پەرەپێدان بە توانا و تەکنیکی خۆیان بۆ "رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر" لە ناوچەکەدا.
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات -هەسەدە سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکە دەکات و هاوکات داواش لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکات کە هاوکاربن و تەرمەکانیان رادەست بکەنەوە بۆ ئەوەی لە رۆژئاوای کوردستان بە خاکیان بسپێرن.

 

کەوتنەخوارەوەی "دوو هێلیکۆپتەرەکە" کە بە گوێرەی هەسەدە بەرەو سلێمانی دەچوون، دوای نزیکەی سێ مانگ لە سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دێت بۆ رۆژئاوای کوردستان؛ لە چوارچێوەی ئەو سەردانەدا، بافڵ تاڵەبانی و ماتیو مکفارلن، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبوونەوە. 
 
دوای کۆبوونەوەکە، مەزڵووم عەبدی لە تویتێکدا گوتی، گفتوگۆیان لەسەر "گەشەپێدانی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ پاراستنی ناوچەکە کردووە."
 
ئەنقەرە یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە کە بەشی هەرە زۆری هەسەدە پێکدێنێت، بە باڵی سووریای پەکەکە دادەنێت و وەکو "تیرۆریست" سەیری دەکات، وێڕای ئەوەی کە ئەمریکای ئەندامی ناتۆ، هەسەدە بە هاوبەشی سەرەکیی خۆی لە رووبەڕووبوونەوەی داعش لە سووریا دەبینێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دلێر عەبدولخالق، رێکخەری ژووری رۆژنامەڤانیی بزووتنەوەی گۆڕان

دلێر عەبدولخالق: لەگەڵ چەند لایەنێک دانوستانمان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی کرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو

رێکخەری ژووری رۆژنامەڤانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەو پاشەکشەیەی لە دەنگی بزووتنەوەی گۆڕاندا هەبووە، لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی لە هەوڵدان بۆ کاری پێکەوەیی و ئەگەر بگەنە رێککەوتن، گۆڕانکاری لە سەرۆکی لیست و بەربژێرانی بزووتنەوەکەدا دەکرێت