لە سەمسوور لافاو زیانی بە خێوەتگەی پەنابەرانی سووری گەیاندووە

17-03-2023
هەوار ئیسماعیل
پەنابەرێک لە سەمسوور قوڕ و لیتەی نێو خێوەتەکەی دەردەکات
پەنابەرێک لە سەمسوور قوڕ و لیتەی نێو خێوەتەکەی دەردەکات
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
پەنابەرانی سووری لە شاری سەمسووری باکووری کوردستان خێوەتەکانیان بەهۆی لافاوەوە زیانی بەرکەوتووە و پڕ بوون لە قوڕ و لیتە. ئەوان کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەرەش لە 6ی شوباتدا بێ ماڵ بوون، رۆژی چوارشەممە 15ی ئادار بەهۆی لافاوەوە جارێكی دیکە زیانیان بەرکەوت.
 
هەمزە عەلی، پەنابەری خەڵکی حەما دەڵێت، "دۆخەکە زۆر سەخت بوو ئەو رۆژەی باران باری. دۆخەکە خراپ بوو، بە زەحمەت توانیم منداڵەکانم رزگار بکەم. وەکو دەبینن دۆخەکە زۆر خراپە، ئاو و قوڕاو، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک، سوپاس بۆ خودا."
 
بەشێکی ئەو پەنابەرانە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن؛ بەهۆی شەڕی ناوخۆی سووریا کۆچیان کردووە بۆ تورکیا و نزیکەی 10 ساڵە لە باکووری کوردستان نیشتەجێن.
 
مستەفا محەممەد، پەنابەری خەڵکی کۆبانێ دەڵێت، "ئاوەکە چووە ناو خێوەتەکە، ئەو شەوە چووینە لای دراوسێکانمان و لە دەرەوە ماینەوە، منداڵی بچووکمان هەیە، بچووکترینیان تەمەنی 12 ساڵە. ئێستا خەریکی خێوەتەکەمانین، ئاوەکە دەردەدەین."
 
هەرچەندە لافاو زیانی بە کەلوپەل و خێوەتەکانی ئەو کۆچبەرانە گەیاندووە، بەڵام بێ رێوشوێنن و ناچارن لەم خێوەتانەدا بمێننەوە.
 
رۆنی عەلی عەبدوڵڵا، پەنابەری کۆبانێ باس لەوە دەکات، "بەهۆی بوومەلەرزەوە هاتووین بۆ ئێرە. لە دوێنێ شەوەوە ریسوا بووین، لە دەرەوەین، بە گەورە و بچووکەوە هەموومان لە دەرەوەین، ئاو هاتووەتە نێو خێوەتەکەمان، هیچ شوێنێکمان نییە رووی تێبکەین. ئاو چووەتە نێو خێوەتەکە و لەنێو قوڕ و لیتەدا ماوین. ناچار نین لێرە بمێنینەوە. دەوڵەتیش یارمەتیدەرە، خودا لەوانیش رازی بێت."
 
سەدان هەزار رزگاربووی بوومەلەرزەکەی مەرەش کە 11 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیای گرتەوە، لەناو خێوەت و کۆنتێنەردا دەژین.
 
نالەباریی کەشوهەوا ژیانی سەختتر کردوون، بەهۆی لافاوەوە لە رووها و سەمسوور نزیکەی 20 کەس گیانیان لەدەستداوە. کەشناسیی تورکیا هۆشداریی داوە کە بۆ ماوەی چەند رۆژێكی دیکەش باران بەردەوام دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لێبووردنی گشتیی دەرکرد

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لێبووردنی گشتیی دەرکرد. بەگوێرەی بڕیارەکە، لێبووردنەکە تەنیا بەرپرس و چەکدارانی داعش و ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە دەستیان لە تەقینەوەدا هەبووە