رووس و سزا

 

رەنگبێ رۆژی 22ـی حوزەیرانی 2012، ئەو کاتەی گوایە سووریا فڕۆکەیەکی جۆری ئێف- 4 فانتۆمیی تورکیی خستەخوارە، سەرەتای پرۆسەی تەسلیمبوونی تورکیا بێت بە رووسیا. ئەو دەمیش ھەبوو پێیانوابوو کە فڕۆکەکە رووسیا خستوویەتە خوار. تورکیا ئەوکاتیش نەیویست رووداوەکە بخاتە ئەستۆی رووسیا و سووریای تاوانبار کرد. بەپێی بەندی چواری پەیمانی ناتۆ داوای کۆبوونەوەی ئەندامانی ناتۆی کرد. ناتۆ و ئەمریکا پشتیوانییان بۆ تورکیا دەربڕی، بەڵام ھیچیان نەکرد.
 
تورکەکان دوای ئەو رووداوە رایانگەیاند کە ھەر فڕۆکەیەک ئاسمانی تورکیا ببەزێنێ دەیخەنە خوارەوە و، لە 24ـی تشرینی دووەمی 2015، فڕۆکەیەکی جەنگیی رووسیایان خستەخوارەوە. لەدوای پەنجاکانەوە ئەوە یەکەمجار بوو کە ئەندامێکی ناتۆ راستەوخۆ فڕۆکەیەکی رووسی بخاتە خوارەوە! یەکێک لە فڕۆکەوانەکان کەوتە دەست تورکمانەکانی بایربوجاغ و کوشتیان. بەوەش نەوەستان ھەلیکۆپتەرێکی رووسیاشیان بەردایەوە کە بەدوای پاشماوەی فڕۆکەکەدا دەگەڕا!
 
*
رووس ھەر زوو ھەستیان بەوە کرد کە دەبێ لە یەککاتدا، ھەم پێش بە فراوانخوازییەکانی تورکیا لەناو سوریادا بگرن و، ھەمیش تورکیا لە ئامێزی ناتۆ دەربێنن. ئەو کاتە تورکیا و ئەردۆغان وا سەرمەستی ئەو سەرکەوتنە بوون کە نەیاندەزانی ململانێ لەگەڵ ئەو ورچەدا بەرەو چ زەلکاوێکیان دەبا.
 
ئەردۆغان ھێندە بێمنەت بوو کە لە وەڵامی پۆتیندا کە گووتبووی دەبێ تورکیا داوای لێبووردن بکات، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ CNN گوتی نەک داوای لێبوردن ناکەن، بگرە دەبێ رووس داوای لێبوردن بکەن کە ئاسمانی ئێمەیان بەزاندووە. ئۆباما داکۆکیی لە تورکیا کرد و گووتی تورکیا مافی بەرگریکردن لەخۆی ھەیە و، ستۆڵتەنبێرگی سکرتێری ناتۆش ھێندەی دیکە تورکیای گیڤ کردەوە و گوتی بەپێی زانیارییەکان، رووسەکان سنووریان بەزاندووە.
 
پووتین بە رستەیەک تەعبیری لەو بارودۆخەی تورکیا کرد و بە خەنجەر لە پشتەوە لێدان وەسفی کرد، تورکەکان تێنەگەیشتن! داشیان لە ئەوروپا سوار بوو و وایاندەزانی لە شەڕی دژی داعشدا کەس ناتوانێ حیسابیان بۆ نەکات و کارتی ئاوارەکانیشیان بەرەوڕووی ئەوروپا بەرزکردبووەوە، تاوەکو ئەو راددەیەی کە داوای ئەوەیان دەکرد تورکەکان بەبێ ڤیزە بچنە ناو یەکێتی ئەوروپاوە!
 
*
 
27ـی حوزەیرانی 2016 بە کڕوزانەوە و پاڕانەوەوە، ئەردۆغان داوای لێبوردنی لە پووتین کرد و پووتینیش بەڵێنی دا ئاستی پەیوەندییەکان هەردوو وڵات ئاسایی بکاتەوە. لەسەر ھەموو شتێک رێککەوتن ئیللا ھاوردەکردنی تەماتە نەبێ. رووس ھێشتا مابوویان سزای تورکیا بدەن. کەمتر لە سێ ھەفتە دواتر لە 15ـی تەمموزی 2016 سیناریۆیەکی ورد و بەرنامەبۆداڕێژراوی رووسەکان لە شێوەی کودەتای سەربازی لە تورکیا جێبەجێ کرا. یەکەم کەسانێک کە گیران ئەو دوو فڕۆکەوانە(قارەمانانە) بوون کە فڕۆکە رووسەکەیان خستبووەخوار. ئەردۆغان بە پاڵپشتی رووسەکان ھەڵگەڕانەوەکەی سەرکوت کرد و دەستی واڵابوو لە سزادانی نەیارانی تاوەکو ئەو راددەیەی کە لای دۆستە ئەوروپی و ناتۆییەکانی وەک دیکتاتۆرێکی ھاوتای پووتین و تەنانەت خراپتریش وێنا بکرێت. بە ھەزاران کەس خرانە زیندانەوە و بەھەزارانی دیکەش روویان لە ئەوروپا کرد. ئیتر ئەردۆغان لە باوەشی رووسەکاندا بوو. بۆیە ئەگەر  فڕۆکە رووسییەکە نەخرابایە خوارەوە، بە دوور دەزانرێ 15ـی تەمموزی 2016 لە تورکیا رووی دابایە.
 
*
 
کوشتنی ئاندرێ کارلۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە ئانکارا، لە 19ـی کانوونی یەکەمی 2016 دا لەلایەن پۆلیسێکی سەر بە ھێزی ئامادەی تورکیا، ھێندەی دیکە تورکەکانی بەرامبەر رووسیا چاوشۆڕتر کرد. ئێستاشی لەگەڵدا بێت، رووسیا کاردانەوەیەکی ئەوتۆی نەنواند، ئەوەندە نەبێ کە لە رۆژی دانیشتنی 5ـی مارسی ئەمساڵ لەنێوان پووتین و ئەردۆغان، دیمیتری پێسکۆڤی گوتەبێژی کرێملین، لەژێر عەباوە گۆپاڵەکەی پێشانی تورکیا دا و، داوای کرد ئەوانەی بڕیاری کوشتنی کارلۆڤیان داوە ئاشکرا بکرێن، نەک ئەوانەی دادگای ئانکارا باسیان دەکات! پەیامەکەی گەیشت و ئەردۆغان ئەوەی ئیمزا کرد کە پووتین دەیویست.
 
*
رووس بەردەوامن لە سزادانی تورکیا و بۆ ئەوەش لە ئەردۆغانیان باشتر دەست ناکەوێ. ئەردۆغان لە یەک کاتدا، ھەموو کارتەکانی خۆی بەرامبەر ناتۆ، یەکێتیی ئەوروپا و تەنانەت ئەمریکاش سووتاندووە. چاوەڕێی رەحمەت و ھەناسەیەک دەکات کە لە کرێملینەوە دێت. ئایا تورک قبووڵی ئەو زەلیلیە دەکەن بەدەست رووسەکانەوە؟ یان لێناگەڕێن ئەردۆغان بەو شێوەیە بەردەوام بێت.
 
*ناونیشانەکە لە رۆمانێکی داستایۆفسکی بەناوی سووچ و سزاوە وەرگیراوە.