قوتابییەكی زانكۆ خۆی فڕێدەداتە نێو خەرەندی رواندز

رووداو- خەلیفان

كەسوكارەكەی 12 رۆژ بوو ئیسراحەتیان لێ‌ هەڵگیرابوو، بەردەوام سۆراغیان دەكرد، خزم و دۆست و ناسیاو و دەزگا ئەمنییەكانیان لە دیارنەمانی ئاگادار كردبووەوە، بەڵام دواتر شوانێك هەواڵێكی ناخۆشیان دەداتێ‌، كاتێك دەزگا ئەمنییەكان لە دۆزینەوەی تەرمێك لەنێو خەرەندی رواندز ئاگادار دەكاتەوە.


هەڵكەوت ئەسعەد، تەمەن 22 ساڵ، دانیشتووی ناحیەی خەلیفانی سەر بە قەزای سۆران، قوتابیی كۆلێژی شەریعەی زانكۆی كۆیە بوو، رۆژی 23/2/2017 لە ماڵ چووە دەرەوە و نەگەڕایەوە، دوای 12 رۆژ تەرمەكەی لەلایەن شوانێكەوە لەنێو خەرەندی رواندز دۆزرایەوە.

بە گوتەی براكەی، هەڵكەوت تووشی نەخۆشیی دەروونی بووبوو، بۆیە دوو ساڵ بوو وازی لە خوێندن هێنابوو.

 یەكێك لە هاوڕێ‌ نزیكەكانی لەبارەی هۆكاری تووشبوونی هەڵكەوت بە نەخۆشیی دەروونی دەڵێت: "بەهۆی وەرگیرانی لە كۆلێژی شەریعە تووشی نەخۆشیی دەروونی بوو، چونكە بەردەوام دەیگوت ئەو كۆلێژە لەگەڵ حەز و ئارەزووی من ناگونجێت، زۆر دڵگرانم دەكات و بەردەوام ئازاری دەروونیم دەدات".

هەڵمەت كە لە هەڵكەوت گەورەترە، بەمدواییە هەستی بەوە كردووە كە باری دەروونیی براكەی ناجێگیرە، بۆیە ماوەی مانگێك بە بەردەوامی چاودێریی كردووە، هەڵكەوت بۆ هەر شوێنێك چووبێت، ئەو بەدوایدا چووە.

هەڵمەت قسەی هاوڕێكەی هەڵكەوت پشتڕاست دەكاتەوە كە ئەو برایەی بە خواستی خۆی لە كۆلێژی شەریعە وەرنەگیراوە، دەڵێت هەر ئەوەش هۆكاری تووشبوونی بووە بە نەخۆشیی دەروونی. هەڵمەت گوتی "بەڵێ‌ هەڵكەوت حەزی لە كۆلێژی شەریعە نەبوو، لەگەڵ خواست و حەزی ئەو نەدەگونجا، ئەو كەسێكی دونیایی بوو، زۆر تێكەڵی ئاین نەبوو، حەزی نەدەكرد هیچ رێگرییەك لەبەردەم ئازادییەكانی هەبێ‌".

بە گوتەی هەڵمەت، براكەی تەنیا ساڵێك لە كۆلێژی شەریعە خوێندوویەتی، دوای ئەو ساڵە بە تەواوی  باری دەروونیی تێكچووە "هەڵكەوت رۆژ بە رۆژ هەڵسوكەوتی دەگۆڕا و بەتەواوی لە ژیان بێزار ببوو، بەر لەچوونی بۆ كۆلێژ كەسێكی زۆر ئاسایی بوو، بەڵام دوای وەرگیرانی لە كۆلێژی شەریعە هەڵسوكەوتی تەواو گۆڕا، هەتا تووشی نەخۆشیی دەروونی بوو".

هەڵمەت باسی دیارنەمانی براكەی دەكات و دەڵێ‌ "بەمدواییە رەوشی دەروونیی زۆر باش نەبوو، نزیكەی مانگێك دەبوو بەردەوام چاودێریم دەكرد، بۆ هەر شوێنێك دەڕۆیشت بەدوایدا دەچووم، زۆرجار لێم تووڕە دەبوو، دەیگوت بۆچی دوامكەوتووی، ئیدی بڕیارم دا لەدوورەوە چاودێریی بكەم بەبێ ئەوەی هەستی پێ بكات، بەداخەوە ئەو رۆژەی براكەم ون بوو، وەكو ئەوە وابوو زەوی قووتی دابێ‌، بە ماوەیەكی زۆر كەم لەبەرچاوم ون بوو، تەواوی شوێنەكە گەڕام نەمدۆزییەوە، ئێستاش چركەساتەكانی دوایین رۆژی ونبوونی ئەوم هەر لەپێش چاوە، زۆر زەحمەتە ئاوا بە زوویی لەبیری بكەم".
وەك بڵێی خەرەند دەمێكە باوەشی بۆ مەرگی هەڵكەوت كردبێتەوە، هەڵكەوت پێشتریش هەوڵی داوە خۆی فڕێبداتە نێو خەرەند، بەڵام رێگری لێكراوە.

كەنعان عەبدوڵڵا، ئامۆزای هەڵكەوت بە (رووداو)ی گوت "نزیكەی ساڵێك بەر لەئێستا، هەڵكەوت دەچێ‌ بۆ رواندز، لە بازگەی هەوارگەی پانكی گەشتیاری، لەگەڵ كارمەندەكانی ئەوێ‌ دەبێتە كێشەیان، هەڵكەوت بە كارمەندەكانی هەوارگەی پانك دەڵێ‌ من نەهاتووم بۆ شنگلبانە، هاتووم خۆم هەڵدەمە نێو خەرەند، بۆیە كارمەندەكان یەكسەر ئاسایش ئاگادار دەكەنەوە و ئەوانیش فریای دەكەون".

كەنعان باس لەوەش دەكات كە چەندینجار بردوویانەتە لای پزیشك و چەندین جۆر  چارەسەریان بۆ بەكارهێناوە، بەڵام سوودی نەبووە. كەنعان گوتی "هەر پزیشكێك بە جۆرێك باسی نەخۆشییەكەی دەكرد، هەندێكیان دەیانگوت نەخۆشیی دەروونی هەیە، هەندێكیان دەیانگوت كێشەیەك لە دەمارەكانی مێشكی هەیە. بەمدواییە هەستی بیستنیشی لاواز بووبوو، تووشی شەقیقەش بووبوو، بۆیە نەدەچووە زانكۆ و مۆڵەتی وەرگرتبوو".

سیستمی وەرگرتنی قوتابیان لە زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان بەپێی بەرزترین كۆنمرە دەبێ‌، بۆیە بەشێك لە قوتابیان بە خواستی خۆیان لە زانكۆ و پەیمانگا وەرناگیرێن. هەرچەندە سیستمی وەرگرتن ساڵانێكی زۆرە رەخنەی لێدەگیرێ‌، بەڵام سیستمەكە نەگۆڕاوە. ساڵانە چەندین قوتابی لە كۆلێژ و بەشی وا وەردەگیرێن كە لەگەڵ توانا و ئارەزووی ئەوان یەكناگرێتەوە. كەنعان دەڵێت: "بۆ ئەوەی رووداوی تراژیدی هاوشێوەی خۆكوشتنی هەڵكەوت دووبارە نەبنەوە، پێویستە چاوێك بە سیستمی وەرگرتنی قوتابیاندا بخشێنرێتەوە".

كاتێك هەڵكەوت دیارنامێنێ‌، خێزانەكەی پەیوەندی بە خزم و دۆستانیانەوە دەكەن، بەڵام كەسیان هیچ لەبارەی دیارنەمانی نازانن، رۆژی دواتر دەزگا ئەمنییەكان ئاگادار دەكەنەوە. دواتر لە رۆژی شەشی ئەم مانگە، شوانێك هێزە ئەمنییەكان لە دۆزینەوەی تەرمێك لە نێو خەرەندی رواندز ئاگادار دەكاتەوە.

كەنعان دەڵێت: "باوكی هەڵكەوت هەر زوو بیری بۆ لای خەرەند چوو، چونكە هەڵكەوت ساڵی رابردوو ویستبووی خۆی هەڵبداتە نێو خەرەند، بۆیە رۆژی دواتر لەگەڵ دوو لە كوڕەكانی چوونە خەرەندی رواندز، زۆر گەڕابوون، بەڵام هیچیان نەدۆزیبووەوە".

گەیلان سلێمان، بەرپرسی هێزی ئامادەباشی سەر بە پۆلیسی رواندز بە (رووداو)ی راگەیاند "رۆژی 6/3/2017 لەلایەن شوانێكەوە ئاگادار كراینەوە لە دۆزینەوی تەرمێك لەنێو گەلی رواندز، دەستبەجێ هێزەكانمان چوونە شوێنەكە و تەرمەكەیان لە خەرەند دەرهێنا". گوتیشی "تەرمەكە لەژێر پانكی گەشتیاری كەوتبوو، دیارە چووەتە پانكی گەشتیاری و لەوێ خۆی فڕێداوەتە نێو خەرەند".

خەرەند گیانی 20 كەسی بردووە

بەپێی بەدواداچوونێكی (رووداو)، لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 20 كەس كەوتوونەتە نێو خەرەندی رواندز و گیانیان لەدەستداوە. جگە لەو كەسانەی كەوتوونەتە نێو خەرەند و رزگاركراون. هەندێك لەوانە بە مەبەستی خۆكوشتن خۆیان فڕێداوەتە نێو خەرەند، بە تایبەتی كچان. هەندێكیشیان لە كاتی یاریكردن، یان كۆكردنەوەی گژوگیای بەهار، كەوتوونەتە خوارەوە. بەپێی سەرچاوە مێژووییەكانیش لە كاتی هێرشی رووسەكان بۆ سەر رواندز، چەندین ئافرەت لە ترسی دەستدرێژیی سەربازانی رووس، خۆیان فڕێداوەتە نێو خەرەند.