رووداو دیجیتاڵ
شاندی ئیمراڵی لەدوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، رایانگەیاند پەیامی ئۆجەلانیان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیاندووە و بە هەڵوێستیشی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی "زۆر سوپاسگوزارن."
کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) ئەمڕۆ (دووشەممە، 17-2-2025) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەدوای کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بۆ میدیاکان خستەڕوو.
بایندر بەناوی شاندی ئیمراڵییەوە قسەی کرد و گوتی "کۆبوونەوەکەمان زۆر بە دڵخۆشی و برایانە بوو. سڵاو و خۆشەویستیی بەڕێز ئۆجەلان و پەیامی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریمان بە رێزدار سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیاند."
شاندەکە پێکهاتووە لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، گوڵجان کاچماز ساییغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، محەممەد کاماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد، بەردان ئۆزتورک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد، کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) و شاندێک لە پارێزەرانی ئۆجەلان.
هاوسەرۆکی دەبەپە هەروەها دەڵێ "لە نزیکەوە هەڵوێستی رێزدار نێچیرڤان بارزانی (ـمان بینی) لەبارەی پێشخستنی پرۆسەی چارەسەری و بۆ پێشکەوتنی پرسی کورد. ئەو، خاوەنی هەڵوێستێکی نەتەوەیی بوو. پشتگیریێکی گەورەی پێشکەوتنی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی دەکات."
هەروەها دەڵێ "ئێمە دەتوانین ئەوە بڵێین؛ هەموو سەرۆک و حیزبەکانی کورد خاوەن هەڵوێست و باوەڕن بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەی چارەسەری و ئاشتییە پێشبکەوێت. ئێمە زۆر سوپاسگوزاری ئەو پشتگیرییەی رێزدار نێچیرڤان بارزانین و سوپاسی دەکەین، سڵاومان بۆ گەلی خۆمان لە باشووری کوردستان هەیە."
شاندەکە دوای کۆبوونەوەکە لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان دەبێت، پاشان دەچنە سلێمانی و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
شاندی ئیمراڵی، لەدوای گەیشتنیان بە هەرێمی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی بوو، کە کاژێر و 45 خولەکی خایاند. دەم پارتی رایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا شاندەکە "سەبارەت بە دیدارەکانی پێشووی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، زانیارییان بە سەرۆک بارزانی داوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ