رووداو دیجیتاڵ
ئەو سەربازەی ملپێچی جووتیارە کوردەکەی راکێشا و ئەشکەنجەی دا، دەستگیرکرا و سەری سفرکراوە.
سەرچاوەیەک لە سوپای عێراق لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو سەربازەی سوپای عێراقی کە ملپێچی جووتیارە کوردەکەی لە شەناغە راکێشا و ئەشکەنجەی دا، ناوی "کەڕاڕ شاکر سامر"ە و شیعە مەزهەبە.
گوندی شەناغە، دەکەوێتە ناحیەی سەرگەڕان لە قەزای دووبزی سنووری پارێزگای کەرکووک.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکرد، ئەو سەربازە لە بارەگای لیوای 32ی سوپای عێراقی دەوام دەکات، لەلایەن فەرماندەی فرقەی هەشتی سوپای عێراق سزادراوە و سەری سفر کراوە و فەرماندەی لیوای هەشتی سوپای عێراقی لەگەڵ خۆی بردووێتییە بارەگای فرقەی هەشت لە بنکەی کەی وەن و لەوێ بەند کراوە.
جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکووک رۆژێکی پڕ لە زەحمەتی و رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ سوپای عێراق بەڕێکرد، سوپا رێگری لێکردن زەوییەکانیان بکێڵن، بەڵام ئەوان کۆڵیان نەدا، گرژی دروستبوو و سوپا ئازاری جووتیارانی دا.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "ئەو سەربازانەی پەلاماری جووتیارە کوردەکانیان داوە، دەستبەسەرکراون و لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە. هەروەها داوای کشانەوەی هێزە سەربازییەکان لەو ناوچەیە کراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ