رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لەبارەی رێگریکردن و ئازاردانی جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکووک لە لایەن سوپای عێراقەوە رایگەیاند، "رەفتارێكی شۆڤینیانە و بێویژدانانە و تاوانە لە دژی جووتیارە بێتاوانەكانی كورد لە پارێزگای كەركووک".
ئەمڕۆ لە گوندی شەناغەی سنووری سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک جووتیارانی کورد ویستیان زەوییەکانیان بکێڵن بەڵام سوپای عێراق هەمەر رێگریی لێ کردن و ئازاریان دان.
لە دیمەنێکدا دەردەکەوێت، جووتیارێکی کورد بەسەر تراکتۆرەکەیەوەیە و دوو سەربازی سوپای عێراق بە ملپێچەکەی رایدەكێشن و دەیانەوێت بیهێننە خوارەوە، بەڵام جەسوورانە، جووتیارە کوردەکە کۆڵنادات و ملیان بۆ کەچ ناکات.
لەو بارەیەوە، سەرۆک بارزانی لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ دووشەممە دەڵێت: "دیمەنی ئازاردانی جووتیارێكی كورد و رەفتاری نابەجێی رێگریكردن لە جووتیارانی كورد كە بچنەوە سەر زەوییەكانیان، دیمەنی ئەنفال و كیمیاباران و جینۆسایدی رۆڵەكانی گەلەكەمان لە سەدەی پێشوو بەبیر دەهێنێتەوە. ئەمە رەفتارێكی شۆڤینیانە و بێویژدانانە و تاوانە لە دژی جووتیارە بێتاوانەكانی كورد لە پارێزگای كەركووک دەكرێت كە تەنیا تاوانیان ئەوەیە كوردن و خاوەنی رەسەنی زەوییەكانیانن".
سەرۆک بارزانی داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات "رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو زوڵمە بكرێت و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەستگیر بكرێن و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن".
لەبارەی خۆڕاگریی جووتیارانەوە، سەرۆک بارزانی دەڵێت: "دەستخۆشی لەو كوردە قارەمانانە دەكەم كە لە بەرانبەر ئەو ستەم و دەستدرێژییە خۆڕاگر بوون و با باش بزانن كە ئەوان تەنیا و بێ پشت و پەنا نین و بە هەموو هێزێك پشتیوانی لە خۆڕاگری و ماف و داواكانیان دەكەین".
دیمەنی خۆڕاگریی جووتیارەکان سۆشیاڵ میدیایان تەنی؛ محەممەد ئەمین ئەو جووتیارە چاونەترسەیە بە زەبری هێزیش لەسەر تراکتۆرەکەی نەهاتە خوارەوە، ملپێچەکەی بەخشییە رووداو و لە ملی هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو کرد کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی گرژییەکانەوە خەریکی رووماڵکردنی دۆخەکە بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ