رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی 8 تۆمەتباری خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی رادەگەیێنێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسایش لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، ئەو کەسانە لە رێگەی گرتە ڤیدیۆیی و لایڤەکانیانەوە "بابەتی نەشیاویان بڵاوکردووەتەوە و کاریگەری نەرێنییان لەسەر تاک و خێزانەکان هەبووە".
"لەسەر داوای هاوڵاتییان بۆ زیاتر پاراستنی بەها کۆمەڵاتییەکان، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، دوای بەدواداچوون و دەستنیشانکردنی شوێن و ناسنامەی ئەو تۆمەتبارانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە گرتە ڤیدیۆیی و لایڤەکانیاندا رەفتاری دوور لە نەریت و رەوشتی کۆمەڵایەتییان بڵاودەکردەوە دەستگیرکران و رووبەڕوی یاسا کرانەوە"، ئاسایشی پارێزگای سلێمانی وا دەڵێت.
ئاسایش ئاماژە بەوەش دەکات، "لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی بڵاوکراوە نەشیاوەکان، دەزگای ئاسایشی هەرێم بەپێی یاسا و بە بڕیاری دادوەر رووبەڕووی خراپ بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبێتەوە لەپێناو تێکنەدانی شیرازەی کۆمەڵگا".
رووداو پرسیاری لە سەرچاوەیەکی نێو ئاسایش کرد لەبارەی ئەوەی ئایا ئەو کەسانەی دەستگیرکراون کێن؟ سەرچاوەکە گوتی، "جارێ ناتوانین ناوەکانیان ئاشکرا بکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ