کەشناسیی عێراق: ئەگەری لێزمەباران لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەیە

17-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کەشناسیی عێراق رایدەگەیێنێت، هیچ زانیارییەکان نییە، کە سەرما و سۆڵەیەکی بێ وێنە روو لە عێراق  و هەرێمی کوردستان بکات. دەشڵێت ئەگەری لێزمەباران لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان هەیە.
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، رۆژی دووشەممە 17ی شوباتی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوەی ئێستا هەیە تەنیا نمەباران و بارانی مامناوەندە لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما."
 
پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە، بەڵام کەشوهەوا ناجێگیرە
 
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، سبەی پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی کەشوهەوا ناجێگیر دەبێت. پێشبینی دەکرێت لە سلێمانی پلەی گەرما بگاتە 12 پلە و لە هەولێر 15 پلە. هەروەها، لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ئەگەری بارانبارینی بەلێزمە هەیە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.
 
ئامادەباشی بۆ هەر سیناریۆیەکی لەناکاو
 
بەشێک لە کەشناسان باس لەوە دەکەن، لە کۆتایی ئەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو، سەرمایەکی بێ وێنە روو لە ناوچەکە دەکات، بەڵام عامر جابری دەڵێت: "هیچ زانیارییەکمان نییە".
 
گوتەبێژی دەستەی کەشناسی گوتی، ئەگەر دۆخێکی ناسەقامگیری لەناکاو رووبدات، بەهۆی نزمە پاڵەپەستۆی قووڵ و ساردی جەمسەری، ئەوا دەستەکە راپۆرتێکی تایبەت بڵاودەکاتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان ئامادەکاری پێویست بکەن.
 
"زانیارییەکانمان ورد و دروستن"
 
عامر جابری دڵنیایی دەدات کە زانیارییەکانی دەستەی کەشناسی ورد و دروستن و پشت بە نوێترین پێشبینییەکان دەبەستن. ئاماژەی بەوەشدا کە هەندێکجار زانیاری نادروست بڵاودەکرێنەوە بەهۆی ئەوەی پشت بە نوێکردنەوەی بەردەوامی داتا کەشناسییەکان نابەستن".
 
"ئەگەری بارانی مامناوەند و لێزمەباران لە کۆتایی هەفتەدا هەیە"
 
بەپێی پێشبینییەکان، ئەگەری هەیە رۆژی هەینی بارانێکی مامناوەند تاوەکو لێزمەباران هەرێمی کوردستان و هەندێک ناوچەی باشووری عێراق بگرێتەوە. هەروەها، لە شەوی هەینیشدا ئەگەری بارانبارینی مامناوەند هەیە لە ناوچەکانی نێوەڕاستی عێراق.
 
خێرایی با لە رۆژی هەینیدا دەگاتە 30 بۆ 40 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا. هەرچەندە ئاسمان هەور دەبێت، بەڵام تائێستا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی لە هەمان رۆژدا لێزمەباران لە هەرێمی کوردستان ببارێت، تەنیا پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما دابەزێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆک مەسعود بارزانی لە رۆژی نزای نیشتمانی

سەرۆک بارزانی: جەوهەری دین، ئەخلاقە

سەرۆک بارزانی لە 'رۆژی نزای نیشتمانی' گوتارێکی پێشکێش کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "جەوهەری دین، ئەخلاقە." ئەوەیشی خستەڕوو، "یەکدی قبووڵکردن بەشێکی سەرەکیی بیروباوەڕی ئێمەیە، ئەمەش بە پشتبەستن بە ئایەتی خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا."