ئەنجوومەنی وەزیران: ئاگرەکەی شەوی رابردوو بەهۆی تەقینی بۆیلەرێکی ئاوەوە بوو
رووداو دیجیتاڵ
دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەو ئاگرەی دوێنێ شەو لە بەشێک لە باڵەخانەکە کەوتەوە، بەهۆی "تەقینەوەی بۆیلەرێکی ئاو"ـەوە بووە لە بەشی چێشتخانەی ئەنجوومەنی وەزیران.
رۆژی شەممە، 17-02-2024، لە راگەیێندراوێکدا دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هۆکاری ئاگرەکەی شەوی رابردووی روونکردەوە و گوتی، "هەرزوو لەلایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە، بەڵام بەهۆی ئاگرەکەوە زیان بە باڵەخانەکە کەوتووە." هۆکارەکەشی "تەقینەوەی بۆیلەرێکی ئاو" بووە.
موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاژێر 12:50ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئاگرەکەی ئەنجوومەنی وەزیران ئاگادار کراینەوە و دوای ماوەیەکی کەم تیمەکانمان کۆنترۆڵیان کرد".
ئاگرەکە زیانی گیانی نەبووە. کاروان میراودەلی گوتی، "ئەو شوێنەی ئاگرەکەی تێدا کەوتووەتەوە، چێشتخانە بووە و زیانە مادییەکانی لەنێوان 20 ملیۆن بۆ 25 ملیۆن دیناردایە".
بەرەبەیانیی رۆژی شەممە، ئاگرێکی گەورە لە بەشێکی باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر شەقامی 60 مەتریی هەولێر کەوتەوە و لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵکرا.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە سەرەتای رووداوەکە هێزێکی ئەمنیی زۆر لە شوێنەکەبوون بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە.