کارەبای سنە: چاککردنەوەی کارەبای ژمارەیەک لە گوندەکان 3 رۆژ دەخایەنێت

17-02-2024
فواد حەقیقی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای پارێزگای سنە دەڵێت، کارەبای نزیکەی 100 گوندی ئەو پارێزگایە کە بەهۆی باران و رۆچوونی زەوییەوە بڕاوە، سێ رۆژی دیکە چاک دەکرێتەوە.
 
هیوا لهۆنیان، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای پارێزگای سنە، درەنگانی شەوی رابردوو گوتی، "رۆچوونی زەوی کارەبای 181 گوندی ئەم پارێزگایەی بڕیبوو، بەڵام کارەبای 83 گوند چاک کرایەوە و کارەبای 98 گوندی دیکەی سەر بە شارەکانی سەقز، بانە، مەریوان و دیواندەرە تاوەکو 3 رۆژی دیکە چاک دەکرێتەوە."
 
بە گوتەی هیوا لهۆنیان، 60 تیم لە هەوڵدان کارەبای ئەو گوندانە چاک بکەنەوە، بەڵام چونکە زۆربەی ئەو گوندانە لە ناوچە سەخت و شاخاوییەکاندا هەڵکەوتوون، ناتوانرێت بە ئۆتۆمبێل کەلوپەل و ئامرازی چاککردنەوەیان بۆ بگوازرێتەوە.
 
هیوا لهۆنیان دەڵێت، "زیاتر لە 300 ستوونی کارەبا بەهۆی خزینی زەوییەوە کەوتوون؛ زەوییش بەهۆی بارانی زۆرەوە رۆچووە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای سنە باس لەوە دەکات، بەهۆی بارینی بەفر، دابەزینی پلەی گەرماوە کێشە لە هاتووچۆ دروستبووە.
 
بەپێی راگەیێندراوی پەروەردەی پارێزگای سنەش سەرجەم قوتابخانەکانی سەر بە شاری دیواندەرە، قوتابخانەی گوندەکانی سەر بە شاری دێولان و هەندێ لە ناوچەکانی مەریوان ئەمڕۆ شەممە دادەخرێن و خوێندن لە رێگەی ئینتەرنێتەوە دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.