سەربازێکی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کوژرا

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، لە ئەنجامی هێرشێک بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەو وڵاتە لە باشووری کوردستان، سەربازێکیان کوژراوە و یەکێکی دیکەش برینداربووە. 
 
میدیای تورکیا بڵاویکردەوە؛ هێرشەکە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـەوە کراوە.
 
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە، لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستیکردەوە ئەمڕۆ (شەممە، 17-2-2024)  کاژێر 1:00، لە ناوچەی زاب، لە سنووری پارێزگای دهۆک، هێرشیان کردووەتە سەر خاڵێکی سەربازیی تورکیا، "ژمارەیەک سەربازیان کوشتووە،" دەستیان بەسەر چەکەکانیاندا گرتووە و وەک خۆیان دەڵێن، خاڵە سەربازییەکەیان "پاککردووەتەوە." 
 
راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات؛ سەربازە کوژراوەکەیان ناوی ساڵح ئای-یە. هەروەها باس لەوە دەکات، ئۆپەراسیۆنێکیان لەو ناوچەیە بۆ تۆڵەسندنەوە دەستپێکردووە. 
 
لە هێرشی سەر بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە باشووری کوردستان، لە کانوونی یەکەم و کانووی دووەم، لانیکەم 17 سەربازی تورکیا کوژران.  
 
لە 25 ساڵی رابردوودا، تورکیا ژمارەیەک بنکە و بارەگەی لە سنوورە شاخاوییەکانی باشووری کوردستان داناوە.
 
سوپای تورکیا لە 17ی نیسانی 2022 لە ناوچەی زاب، ئاڤا شین و مەتینای باشووری کوردستان، دەستی بە ئۆپەراسیۆنی "چرنووک-قوفل" کرد کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.