رووداو میونشن
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئازەربایجان، کۆبوونەوەکانی دووەم رۆژی لە کۆنفرانسی میونشن دەستپێکرد.
ئازەربایجانی دەوڵەمەند بە سەرچاوەی وزە، بۆ ئەوروپا گرنگە و پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە. دواتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا کۆبووەوە، بەمەش دەریخست کە دەتوانێت باڵانسی پەیوەندیی دیپلۆماسی و دۆستانە راگرێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها لەگەڵ پەرلەمانتارانی سۆسیال دیموکراتی فەرمانڕەوای ئەڵمانیا کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکە نیلز شمید، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بۆ رووداو باس کرد.
نيلز شمید، پەرلەمانتاری سۆسیال دیموکراتەکانی ئەڵمانیا بە رووداوی گوت "ئێمە هیوامان خواست لەبارەی رەوشی ئەمنی لە باکووری عێراق گفتوگۆ بکەین، چونکە ئێمە دەزانین هێرشی ئێران بۆ هەولێر هەبووە و بۆمان گرنگ بوو دووپاتی بکەینەوە کە ئەم هێرشانە پێشێلکارین بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق. عێراق وڵاتێکی سەربەخۆیە و هەرێمی باکووری عێراقی کوردستان بەشێکە لەم وڵاتە. دەخوازین خەڵکی ئەم ناوچانە خۆیان بڕیار بدەن، سیاسەتیان بە چ شێوازێک بێت، هەروەها ئێمە هێرشی ئێران بە تووندی شەرمەزار دەکەین."
شاندێکی دیکەی کریستیان دیموکرات، کە ئێستا ئۆپۆزیسیۆنن لە حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیان هەبوو. ئەندامێکی ئەو شاندە کە پسپۆڕی سیاسەتی دەرەوەیە، بڕیاری پێدانی چەک و تەقەمەنی بە پێشمەرگە کە پارتەکەی ئەوان لە ساڵی 2014ـ بڕیارەکەی دابوو و هەتاوەکو ئێستاش سوپای ئەڵمانیا مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە دەدات، بە یەکێک لە باشترین جۆرەکانی هاوئاهەنگیی سوپای وڵاتەکەی دەزانێت.
یورگن هارت، پەرلەمانتاری کریستیان دیموکراتەکان دەڵێ "نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر ئەو بڕیارەمان دابوو، پشتگیری کورد بکەین لە باکووری عێراق بە پێداویستییە سەربازییەکان بۆ ئەوەی رووبەڕووی تیرۆر ببنەوە. ئەمە یەکێک بوو لە هەماهەنگیی زۆر سەرکەوتووانەی سوپای ئەڵمانیا کە ئێمە لە ساڵەکانی رابردوودا هەمانبووە. من خۆم لەنێو سوپا بووم و سەردانی سەربازەکانمان کردووە. بە بڕوای ئێمە عێراق بە گشتی سەقامگیرە لە ناوچەیەکدا کە زۆر ناسەقامگیرە و دراوسێی زەحمەتی هەیە؛ سووریا و ئێران."
هەروەها گوتی "بڕوای ئێمە ئەوەیە؛ دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی کوردی بەشدارییەکی ئەرێنی لە سەر تەواوی عێراق دەبێت... ئێوە دەزانن ئێمە لەگەڵ یەکپارچەیی عێراقین، بەڵام بە بڕوای ئێمە، دەکرێت وەک مۆدێلی ئەڵمانی رەفتار بکات؛ دەکرێت مرۆڤ بایەرییەکی باش و ئەڵمانێکی باش بێت و فیدراڵی بیرۆکەیەکی باشە بۆ دەوڵەتی عێراق."
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کۆبووەوە، بەریتانیایەک کە هێشتا عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر کاریگەرییە دەیان ساڵییەکەیدا ماون و کۆتایی نەهاتووە، لەکۆبوونەوەکەیاندا لەبارەی رۆژەڤی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەریتانیا گفتوگۆیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ