لە سەمسووری باکووری کوردستان 10 کەمپ بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە دروستدەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

منداڵێکی رزگاربووی بوومەلەرزە لە سەمسووری باکووری کوردستان تاوەکو ئێستا نازانێت باوکی کۆچی دوایی کردووە، دۆخەکە بۆ دایکی منداڵەکە سەختترە، چونکە هاوژین و دایک و دوو برای لەدەستداوە. ئەوان ئێستا لە کەمپێکی ناوەندی شارەکە دەژین و رۆژە سەختەکانی ژیانیان بەڕێدەکەن.
 
زەهرا بەرچا، دانیشتووی سەمسوور بە رووداوی گوت، "هەموو خێزانەکەم چوون، هاوژینەکەم چوو، ماڵی باوکم هەموویان چوون، دۆخەکە زۆر سەختە و لەنێو خێمەکان دەژین."
 
تاوەکو ئێستا سەمسوور ئاو و کارەبای نییە، بۆیە بەشی زۆری خەڵکی شارەکە لەسەر شەقام و نێو کەمپەکان دەمێننەوە و بۆ خۆگەرمکردنەوە و دروستکردنی خواردنیش، دار دەسووتێنن. 
 
بەشێك لە خێزانەکان تاوەکو ئێستا خێمەیان بۆ دابین نەکراوە و بەشێکی دیکەیشیان بە دوو خێزان لە ژێر یەک خێمەدا دەمێننەوە. محەممەد مستەفا، دانیشتووی سەمسوورە و دەڵێت، "خەومان نایەت، چونکە دەترسین و جەوەکەش زۆر ساردە چۆن دەتوانین بخەوین."
 
لەنێو سەمسوور کار لە دروستکردنی 10 کەمپ دەکرێت کە تیمی هەرێمی کوردستان بەشدارن لە دروستکردنیان و بەشێک لە کەمپەکان لە قۆناخی سەرەتایی کارکردندان و هەندێکیشیان کاریان تێدا کراوە و تەواوکراون.
 
ساقی جادر، بەرپرسی ئامێرەکان لە کۆمپانیای کاڤین گرووپ باسی لەوە کرد، "تیمەکانمان لە هەشت شوێن کار دەکەن بۆ دروستکردنی کەمپ و شوێنی خێمەکان ئامادە دەکەین. لە سێ شوێن کارەکانمان تەواو بوون."
 
بەگوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە 80٪ـی خەڵکی سەمسوور ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە و بەشێکیشیان کەسوکارەکانیان لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی ئافاد، لە 12ـیەمین رۆژی بوومەلەرزەکەی مەرەشی باکووری کوردستان، ئاماری گیانلەدەستدان لە 11 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە 38 هەزار و 44 کەس.