نێچیرڤان بارزانی: کۆچی دوایی پێشمەرگە و فەرماندەی ئازا حەمید ئەفەندی زۆر خەمگینی کردم


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی حەمید ئەفەندی پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "کۆچی دوایی پێشمەرگە و فەرماندەی ئازا حەمید ئەفەندی، زۆر خەمگینی کردم." دەشڵێت، "زۆر جێگەی متمانەی خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی و سەرۆک مەسعود بارانی بوو."
 
ئەمڕۆ هەینی، 17-02-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامە هاوخەمییەکەیدا بەبۆنەی کۆچی دوایی حەمید ئەفەندی، پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی گوڵان و ئەیلوول دەڵێت، "بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەوڵی کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرین و سیاسەتکار و وەزیری پێشمەرگە لە کابینەی چوارەم، حەمید ئەفەندى ـ م پێگەیشت. کۆچی دوایی پێشمەرگە و فەرماندەی ئازا حەمید ئەفەندی، زۆر خەمگینی کردم."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، "حەمید ئەفەندی، وەک کادیرێکی لێهاتوو و پێشمەرگەیەکی ئازا، رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە شۆڕشی ئەیلوولدا بە رابەرایەتيی بارزانيی نەمر. رۆڵێکی گرنگی لە هۆشیارکردنەوەی جەماوەردا دەگێڕا. لە کاتی نسکۆی شۆڕشدا زۆر خۆڕاگر بوو، زۆر جێگەی متمانەی خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی و سەرۆک مەسعود بارانی بوو."
 
دوایین ئەرکی پێشمەرگایەتیی حەمید ئەفەندی، بەرپرسی میحوەری باشیکی هێزەکانی پێشمەرگە بوو لە شەڕی دژی داعشدا. 

 

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، حەمید ئەفەندی "لە کاتی سەرکردایەتيی کاتيی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵاندا، رۆڵێکی زۆر گرنگی گێڕا لە خەباتی پێشمەرگایەتی و سیاسیدا. بەرپرسیاريه‌تيی گەورەی لە هەموو ناوچەکانی شۆڕشدا بەوپەڕی لێزانییەوە ئەنجام دا."
 
حەمید ئەفەندی برادۆستی، پێشمەرگەی شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان لە ساڵانی 2001 تاوەکو 2005 وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بوو.
 
نێچیرڤان بارزانی پێیوایە حەمید ئەفەندی لە راپەڕینی 1991 و بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانی راپەڕین، هەروەها لە کابینەی چوارەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک وەزیری پێشمەرگە "رۆڵێکی گرنگی" هەبوو و دەشڵێت، "سەرەڕای تەمەنەکەی، لە شەڕی داعشدا بەشدار بوو و رۆڵی ئازایانەی گێڕا."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆچی دوایی حەمید ئەفەندی بە "لەدەستدانی تێکۆشەرێکی ئازا و لێزان" ناودەبات و باس لەوەش دەکات کە لەدەستدانی ئەو "زیانێکی زۆر گەورەیە بۆ گەلی کوردستان، بەڵام رۆڵی ئەم تێکۆشەرە مەزنە بە خەباتی خۆی، هەمیشە لە یادی ئێمە و هەڤاڵانی و گەلی کوردستاندا دەمێنێتەوە."