سەرۆک بارزانی بۆ کۆچی دوایی حەمید ئەفەندی: برا و دۆست و هاوسەنگەر و هەڤاڵێكی خۆشەویستم لەدەستدا

17-02-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی کۆچی دوایی حەمید ئەفەندی، پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی گوڵان و ئەیلوول پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "كوردستان پێشمەرگەیەكی قارەمانی لەدەستدا و منیش برا و دۆست و هاوسەنگەر و هەڤاڵێكی خۆشەویستم لەدەستدا."
 
سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ کۆچی دوایی حەمید ئەفەندی دەڵێت، "بەداخێكی زۆرەوە ئێوارەی رۆژی هەینی 17ی شوباتی 2023 پێشمەرگە و فەرماندەی ماندوونەناس و تێكۆشەر و خەباتگێڕ و نیشتیمانپەروەری گەلەكەمان حەمید ئەفەندی كۆچی دواییكرد."
 
سەرۆک بارزانی رایدەگەیێنێت، "حەمید ئەفەندی لە قۆناخە جیاجیاكانی بەرخودان و خەباتی گەلەكەمان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان و راپەڕین و هەروەها لە قۆناخی دوای راپەڕین و شەڕی رزگارکردنی عێراق و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا پێشمەرگە و فەرماندەیەکی ئازا و بەرگریكاری سەرسەختی بەها و ئامانجەكانی گەلی كوردستان بووە."
 
دوایین ئەرکی پێشمەرگایەتیی حەمید ئەفەندی، بەرپرسی میحوەری باشیکی هێزەکانی پێشمەرگە بوو لە شەڕی دژی داعشدا.
 
سەرۆک بارزانی دەڵێت، "حەمید ئەفەندی تەمەنی خۆی لەپێناو دۆزی رەوای گەلەکەی تەرخان کرد و، پێشمەرگەیەكی وەفاداری رێبازی بارزانی و كوردایەتی و هەمیشە جێگەی متمانە و پشتبەستن بوو."
 
سەرۆک بارزانی لەدەستدانی ئەو پێشمەرگە دێرینە بە "کۆستێکی گەورە" بۆ هەمووان دەزانێت و دەشڵێت، "كوردستان پێشمەرگەیەكی قارەمانی لەدەستدا و منیش برا و دۆست و هاوسەنگەر و هەڤاڵێكی خۆشەویستم لەدەستدا."
 
حەمید ئەفەندی برادۆستی، پێشمەرگەی شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان لە ساڵانی 2001 تاوەکو 2005 وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بوو. سەرۆک بارزانی دەڵێت، "سەرەخۆشی لە خۆمان و سەركردایەتیی و كادیر و ئەندام لایەنگرانی پارتی و هەڤاڵ و هاوڕێ و هاوسەنگەران و خانەوادەی بەڕێز و کەسوکاری خوالێخۆشبوو حەمید ئەفەندی و هەموو خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەكەم."
 
لە کۆتایی پەیامە هاوخەمییەکەیدا، سەرۆک بارزانی دەڵێت، "لە خودای مەزن داواكارم رۆحی خوالێخۆشبوو حەمید ئەفەندی بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.