مەسرور بارزانی بۆ کۆچی دوایی حەمید ئەفەندی: یادی هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی حەمید ئەفەندی، پێشمەرگە لە هەردوو شۆڕشی گوڵان و ئەیلوول کۆچی دواییکرد. مەسرور بارزانی دەڵێت، "هەموو تەمەنی خۆی لە پێشمەرگایەتی و بەرگریکردن لە کوردستان بەسەربردووە، بۆیە یادی هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە."
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی، 17-02-2023، بەبۆنەی کۆچی دوایی حەمید ئەفەندی پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە، هەواڵی کۆچی دوایی پێشمەرگە و فەرماندەی ماندوونەناسی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و تێکۆشەری ناسراوی کوردستان و وەزیری پێشووتری پێشمەرگە، مامۆستا حەمید ئەفەندی-م پێگەیشت."
دوایین ئەرکی پێشمەرگایەتیی حەمید ئەفەندی، بەرپرسی میحوەری باشیکی هێزەکانی پێشمەرگە بوو لە شەڕی دژی داعشدا.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "حەمید ئەفەندی یەکێک لە پێشمەرگە ئازا و بەوەفاکانی کوردستان بوو، کە بەشداری لە چەندین داستانی پڕ لە قارەمانیێتیی پێشمەرگەی کوردستان کردووە و هەموو تەمەنی خۆی لە پێشمەرگایەتی و بەرگریکردن لە کوردستان بەسەربردووە، بۆیە یادی هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە."
مەسرور بارزانی بەوبۆنەیەوە دەشڵێت، "پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکەی و کەسوکار و هەڤاڵەکانی دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. خوای مەزن و دلۆڤان، گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە هەموومان ببەخشێت."
حەمید ئەفەندی برادۆستی، پێشمەرگەی شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان لە ساڵانی 2001 تاوەکو 2005 وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بوو و ئەمڕۆ لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.