بەهۆی گرانی نرخی بەنزین شۆفێرانی تەکسی لە دهۆک گردبوونەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی گرانبوونی نرخی بەنزین لە چەند رۆژی رابردوو، شۆفێرانی تەکسی لە دهۆک گردبوونەوە و رێگەی هەولێر دهۆکیان داخست، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگەکە کرایەوە.
 
ئەیوب نەسری، پەیامنێری رووداو لە دهۆک رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی بەنزین لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، پێش چەند رۆژێک نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە دەوروبەری دهۆک 850 دیناربوو، بەڵام ئێستا نرخەکەی بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی 900 دینار، خاوەن بەنزینخانەکانیش پێشبینی ئەوە دەکەن نرخەکەی هێشتا بەرز ببێتەوە.
 
بەهۆی گرانبوونی نرخی بەنزین ئەمڕۆ پێنجشەممە 17-02-2022 بەشێک لە شۆفێران بە گشتی و شۆفێرانی تەکسیی لە دهۆک بۆ ماوەیەک گردبوونەوە و رێگەی نێوان دهۆک-هەولێریان گرت، دواتر هێزی ئەمنی چوونە شوێنەکە و رێگەکەیان کردەوە.
 
شۆفێرانی تەکسیی ناڕازین لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و گلەیی ئەوان لەوەیە داهاتەکەیان تەنیا بەشی بەنزینەکە دەکات، بەمەش ناتوانن بژێوی خێزانەکانیان بە کاری تەکسیی دابینبکەن، ئەگەر کرێی تەکسیش لەسەر خەڵک گران بکەن، ئەوا خەڵک هاتووچۆ بە تەکسیی ناکەن.