کچێکی کوردی ئێزدی دوای رزگارکردنی لە سووریا رادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە

17-02-2022
ئەیوب نەسری
ئەیوب نەسری
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کچێکی کوردی ئێزدی کە لەساڵی 2014 لە لایەن داعشەوە رفێندرابوو لە سووریا رزگار کرا و رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە.
 
نایف شنگالی، کەسوکاری رۆزە ئەمین بەرەکاتە و دەڵێت، رۆزە تەمەنی 19 ساڵە و خەڵکی شنگالە، دوای ئەوەی لە سووریا رزگار کراوە، ئێستا چووەتەوە لای کەسوکارەکەی لە کەمپی خانکێ لە پارێزگاری دهۆک. 
 
بەگوتەی نایف شنگالی، خێزانی رۆزە لە 2014 کەوتبوونە دەستی داعش، تاوەکو ئێستاش دایک و باوکی بێسەروشوێنن.
 
پیشتریش زیاد رۆستەم، سەرۆکی ماڵی ئێزدییان لە هەرێمی جزیرەی رۆژئاوای کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو، "لە رۆژی 11ـی مانگی رابردوو ئاسایشی ژنان لە کۆبانێ شوێنێ رۆزەیان ئاشکرا کردووە و رزگاریان کردووە، دواتر رادەستی ماڵی ئێزدییان کراوە."
 
بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوەکان، لە ھێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال 6 ھەزار و 417 کەس کەوتنە دەستی داعش، تاوەکو ئێستا بە رێگەی نووسینگەکە زیاتر لە 3 ھەزار و 500 کەس رزگارکراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە