سەنتەری میترۆ: بڕیاری 6 ساڵ بەندکردنی گیراوانی بادینان روون و قایلکەر نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

کاردانەوەکان لەبارەی بڕیاری دادگای هەولێر بۆ شەش ساڵ زیندانیکردنی پێنج گیراوی بادینان زیاتر بوون. لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ دەڵێت "حوکمەکە بۆ رای گشتیی و رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ روون و قایلکەر نییە و نەسەلمێنراوە کە ئەمانە سیخوڕ بن." هاوکات رۆژنامەڤانێکیش ئاماژەی بەوە دا کە بڕیاری لەو جۆرە کاریگەریی خراپی لەسەر ناوبانگی هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
رۆژی سێشەممە 2021/02/16 دادگای هەولێر پێنج گیراوی پارێزگای دهۆکی بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی کوردستان بە شەش ساڵ زیندانی سزا دا. پارێزەرەکەیان گوتی بڕیارەکە نادادیە و تووشی شۆکی کردین، تۆمەتەکان نەسەلمێنراون و تانە لە بڕیارەکە دەدەین بۆ راستکردنەوەی ناحەقیەکە.
 
رەحمان غەریب، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان دەڵێت: "ئێمە نزیکەی شەش مانگە چاودێری ئەم کەیسە دەکەین. داوامان کردووە کەیسەکان لە چوارچێوەی یاسای ئازادیی رۆژنامەگەری و ئازادیی رادەربڕیندا تەماشا بکرێن نەک بەپێی یاسای سزادانی عێراقی یان یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. دەبوو لە چوارچێوەی یاساکانی ئازادیی رۆژنامەگەری و ئازادیی رادەربڕیندا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرایە."
 
بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ گوتی: "حوکمەکە بۆ رای گشتیی و رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ روون و قایلکەر نییە. ئەو قسانەی هاوڕێکانمان لەنێو دادگاوە بۆیان گواستینەوە، نەسەلمێنراوە کە ئەمانە سیخوڕ بن، نەسەلمێنراوە کە هاوکارییان لەگەڵ لایەنی دەرەکیدا بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەبووبێت و نەیشسەلمێنراوە کە ئەمانە کاری تێکدانیان کردبێت."
 
رەحمان غەریب ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان چاویان لە دادوەرییەکی دیکەیە کە ئەویش دادگای تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستانە کە لە بەرژەوەندیی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی رۆژنامەگەریدا بێت، "چونکە کەیسێکی زۆر مەترسیدارە و هەرێمی کوردستان لە مەلەفی مافی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەگەریدا لەدواوەیە و وەکو عێراق حسابمان بۆ دەکرێت. لە پرسی ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەگەریدا لەناو لیستی رەشداین. تاوەکو ئیستا نەمانتوانیوە خۆمان لە عێراق جیابکەینەوە."
 
پێشتر بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ لە دیدارێکدا چاوی بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەوت و دەڵێت: "باسی ئەوەم کردووە کە هەرێمی کوردستان لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکاندا لە ئازادیی رۆژنامەگەریدا لە دواوەیە و هەڵوێستی بەڕێزیان لەم بارەیەوە زۆر باش بوو. پێیوابوو دەبێت مامەڵەیەکی دیکە لەسەر ئەم مەلەفە بکرێت. تەنانەت هەندێک هەنگاوی نا کە من هەندێک بەرپرسی ئەمنی ببینم و لەسەر ئەم مەلەفە قسەیان لەگەڵدا بکەم تاوەکو بە ئاراستەیەکی تردا بڕوات، بەڵام دیارە نەچووە پێشەوە. من پێم سەیر بوو کە کەیسەکان نەچوونە ناو بابەتی رۆژنامەگەرییەوە و هەر وەک پێشتر رۆیشتن."
 
رەحمان غەریب ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان بە ئاراستەی گوشارخستنەسەر هەرێمی کوردستان لە رێگەی چالاکیی مەدەنییانە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە کار دەکەن.
 
هیوا مەحموود عوسمان، رۆژنامەڤان دەڵێت: "من ئاگاداری وردەکاریی نێو کەیسەکە نیم. دەبێت وردەکاریی کەیسەکە لەبەردەم رۆژنامەنووسان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا باس بکرێت تاوەکو بتوانرێت بگوترێت کە ئەم جۆرە بڕیارانە بڕیاری تەواون یان پێیان بگوترێت بەڵگەتان لەسەریان چییە؟ بە راستی وردەکاریی کارەکان هیچی لای کەس نییە و روون نییە."
 
هیوا مەحموود عوسمان ئاماژەی بەوە دا کە ئەم بڕیارە "کاریگەریی خراپی لەسەر ناوبانگی هەرێمی کوردستان دەبێت و ئەو کاتە دەگوترێت ئازادیی رۆژنامەنووسی و بلاوکردنەوەی زانیاری نییە. ئەوەیش دەبێتە پێچەوانەی قسەی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان کە بەردەوام لە دیدار و کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ بیانییەکاندا دەیکەن."
 
ئەو رۆژنامەڤانە جەختی لەوە کردەوە کە کەیسی لەم جۆرە لە دەرەوە و لای شاندە نێودەوڵەتییەکان زیانی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
بەناز شڤان، کچی شڤان بەڕۆژکییە کە بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادراوە و دەڵێت: "باوکی من هیچی نەکردووە، تاوانبار نییە، باوکی من مرۆڤێکی سادەیە. بەشێوەیەکی نایاساییانە دادگایی کراوە."
 
بەناز باسی لەوە کرد کە چوار مانگە باوکی نەبینیوە و هێزێکی ئەمنییش لە دادگا نەیانهێشتووە لە رۆژی دادگاییەکەدا باوکی ببینێت. 
 
بەناز شڤانی 12 ساڵان گوتی ئەگەر باوکی ببینیایە پێی دەگوت: "بەهێز بە، تۆ بەهێزیت، خوامان لەگەڵە و سەردەکەویت."
 
بەناز باسی لەوە کرد کە لە ماوەی نەبوونی باوکیدا خزم و کەسیان هاوکارییان کردوون و گوتی: "جارێک بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵدا کردووە و پێی گوتووم: 'دۆعام بۆ بکە.' منیش نەمتوانی خۆم رابگرم و گریام."
 
کچی یەکێک لە گیراوەکان بە گریانێکی کزەوە گوتی: "خوا هەڵناگرێ. باوکم چی کردووە شەش ساڵ سجنی دەکەن؟"
 
گیراوەکان بەم ناوانەن: شێروان شێروانی، مەلا شڤان سەعید بەڕۆژکی، ئەیاس کەرەم پەرچی، هاریوان عیسا و گوهدار محەممەدئەمین.
 
ئاسۆ هاشم، پارێزەری شێروان شێروانی کە یەکێکە لەو کەسانەی شەش ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دادگای هەولێر بە پێی ماددەی 156ـی یاسای سزادانی عێراق سزای داون، بەڵام دۆسیەی بەدەل بەرواری و ئومێد بەڕۆژکی گەڕێندراوەتەوە بۆ لێکۆڵینەوە؛ دادگا زانیاری و لێکۆلینەوەی زیاتری دەوێت."
 
پارێزەرەکەی شێروان شێروانی دەڵێت: "ئەو کەسانەی سزاکەیان بۆ بڕاوەتەوە دەتوانن لە ماوەی مانگێکدا تانە لە بڕیارەکە بدەن."
 
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2020، رۆژنامەڤان، شێروان شێروانی دەستگیرکرا. ئەوکات دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی کوردستان رایگەیاند بوو : "لە کاتى لێکۆڵینەوەى سەرەتاییدا شێروان شێروانى دانى بەوەدا ناوە لە سەرچاوەى دەرەکییەوە یارمەتیی دارایی دراوە بۆ دروستکردنى ئاڵۆزى و پشێوى، هەروەها بەلاڕێدابردنى ناڕەزایى و خۆپێشاندانە ئاشتیخوازییەکان بۆ دروستبوونى تووندوتیژى، هاوکات هەڕەشەکردن لە دادوەران."
 
هەرێم رەفعەت، پارێزەری یەکێکی دیکە لە گیراوەکان بە رووداوی گوت: "دەبێت روون بکرێتەوە ئەو سەرچاوە دەرەکییە کێیە کە هاوکاریی دارایی کردووە."

 


ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە دهۆک رایگەیاند: "چەند مانگێک پێش ئێستا نزیکەی 20 کەس لە سنووری پارێزگای دهۆک لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیر کران و رەوانەی شاری هەولێر کران. بەشێک لە دەستگیرکراوان رۆژنامەڤانن و هەندێکی دیکەشیان چالاکڤانن و هەروەها هەندێکی دیکەش ئەندام و لایەنگری حیزبەکانن."
 
د. شایان عەسکەری پەرلەمانتاری کوردستان کە لە دادگاییکردنەکەی ئەو پێنج کەسەدا ئامادە بووە، دەڵێت: "ئەوانەی سزادران شایەنی ئەو سزایە نەبوو."
 
بەگوتەی دکتۆرە شایان سزادراوەکان لە کاتی دادگاییدا ئەم قسانەیان کردووە:
 
شێروان شێروانی: "ئێوە ئەگەر هەڕەشەی خێزانیتان لێبکرێت، هەڵوێستتان چی دەبێت؟ بۆ قسەکەم بە هەند وەرناگرن؟"
 
گوهدار محەممەد: "من پەیامنێر بووم و لەگەڵ پێشمەرگە چوومە کۆبانێ، چۆن بە تێکدانی وڵاتەکەم تۆمەتبارم دەکەن؟"
 
شڤان بەڕۆژکی: "من پێشنوێژ و وتارخوێنم، چۆن بە تۆمەتی تووندوتیژی تۆمەتبارم دەکەن؟"
 
ئەیاز کەرەم: "ئەگەر گومانم لە خۆم هەبووایە، هەژماری فەیسبووکەکەمم دەسڕیەوە."
 
هاریوان عیسا: "ئەو گرووپی چاتە تەنیا بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاریی رۆژنامەوانی بووە؛ ئێمە رۆژنامەنووسین."
 
رۆژی سێشەممە 2021/02/17 مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا لەبارەی حوکمی شەش ساڵ بەسەر ژمارەیەک رۆژنامەڤان و چالاکڤانی بادینان دەڵێت: "ناکرێت و نەشیاوە رۆژنامەنووسان لەسەر بیروڕادەربڕین و نووسین وەک تۆمەتبار حوکمی وا قورسیان بەسەردا بدرێت."
 
هاوکات یەکێتی داوای کرد لە دادگایەکی کراوە بۆ رای گشتیدا پێداچوونەوە بەو حوکمە قورسانەدا بکرێت و کەیسەکان بە گوێرەی یاسای ئازادیی کاری رۆژنامەنووسی لە کوردستان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
 
هاوکات بزووتنەوەی گۆڕانیش لە پەیامێکدا لەبارەی حوکمی شەش ساڵ زیندانی بەسەر ئەو رۆژنامەڤان و چالاکڤانانەدا هەڵوێستی خۆی راگەیاند و گوتی، سزادانی چالاکڤانان "بڕیاری سزادانی پێنج چالاکوانی بادینان بەپێی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003 بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی، هەنگاوێکی مەترسیدار و پێشهاتێکی ناجۆری دەسەڵاتە دەرهەق بە چالاکڤان و ئازادیخوازانی بادینان."
 
لە راگەیێندراوەکەی بزووتنەوەی گۆڕاندا هاتووە: "بەسیاسیکردن و بەحیزبیکردنی سەکۆی دادگاکان و قەڵەمی دادپەروەری دۆخی هەرێمی کوردستان بەرەو قەیران و ئاڵۆزیی زیاتر دەبات. هەر لەو روانگەیەوە لە رابردوو و ئێستایشدا پشتیوانیی سەرسەختی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و، بەرگریکاری فراوانبوونی مەوداکانی ئازادیی رادەربڕین بووین."
 
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، شێروان شێروانی لەسەر فەرمانى راگرتن کە لە دادگەى لێکۆڵینەوەى دهۆک دەرچووە دەستگیر کراوە و "تۆمەتبارە بەپێى ماددەى 156 لە یاساى سزادانى عێراقى، ژمارە (21) بۆ ساڵى 2003 کە لە پەرلەمانى کوردستان هەموارکراوە."
 
بەپێی یاساکانی سزادانی عێراقی سزاکە تاوەکو لەسێدارەدان دەڕوات، بەڵام بەپێی یاسای هەموارکراوی هەرێمی کوردستان لەسێدارەدان گۆڕاوە بۆ سزای زیندان کە دەکرێت تاوەکو زیندانی هەتاهەتاییش بڕوات.