نرخی ئۆتۆمبێل لە تورکیا و باکووری کوردستان بەرزدەبێتەوە

19-02-2020
مەهدی موتلو
ئەو ئۆتۆمبێلەی هەفتەیەک لەمەوپێش بە 100 هەزار لیرە بوو، ئێستا بووەتە 110 هەزار لیرە
ئەو ئۆتۆمبێلەی هەفتەیەک لەمەوپێش بە 100 هەزار لیرە بوو، ئێستا بووەتە 110 هەزار لیرە
نیشانەکردن باکووری کوردستان ئۆتۆمبێل
A+ A-
 
 
رووداو - هەولێر

قەیرانی دارایی، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و یۆرۆ، کەمبوونەوەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و زیادکردنی باجی سەر ئۆتۆمبێل لە لایەن حکومەتی تورکیاوە، نرخی ئۆتۆمبێلیان لە تورکیا و باکووری کوردستان بە رێژەی 110% بەرزکردووەتەوە و لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە نرخی ئۆتۆمبێل 12٪ بۆ 15٪ بەرزبووەتەوە.
 
بازاڕی ئۆتۆمبێلفرۆشانی ئامەد تەنیا رۆژانی یەکشەممە هەیە. فرۆشیاران ئۆتۆمبێلەکانیان نمایشکردوون، بەڵام نرخەکەیان بەراورد بە مانگێک لەمەوپێش 25٪ زیادبووە و کڕیارەکانیش گلەییان هەیە. ئەو ئۆتۆمبێلەی هەفتەیەک لەمەوپێش بە 100 هەزار لیرە بوو، ئێستا بووەتە 110 هەزار لیرە.
 
حاجی سوبحی، کڕیارێکی ئۆتۆمبێلە و دەڵێت،"نرخی ئۆتۆمبێل زۆر گرانبووە و ناتوانین بیانکڕین. ئەوە مانگێکە دەگەڕێم و ناتوانم بیکڕم. ئەگەر مانگێک لەمەوپێش بمکڕیبایە، ئێستە 10 هەزار لیرەم بۆ دەگەڕاوە".
 
عەگید ئویماز، کڕیارێکی دیکەی ئۆتۆمبێلە و دەڵێت، "لە بەیانی زووەوە دەگەڕێم و هیچم دەست ناکەوێت. نرخی ئۆتۆمبێلە دەستەدووەکانیش لە نرخی تازەکاندان".
 
قەیرانی ئابووری، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و یۆرۆ، کەمبوونەوەی ئۆتۆمبێلە تازەکانی کۆمپانیاکانی تورکیا و باج لە ماوەی دوو ساڵدا نرخی ئۆتۆمبێلیان لە تورکیا و باکووری کوردستان بە رێژەی 110٪ زیادکردبوو، بەڵام لە سەری ساڵی تازەوە تاوەکو ئێستا نرخی ئۆتۆمبێل بە رێژەی 12٪ بۆ 15٪ زیادبووە.
 
مستەفا بایدەمیر، بەرپرسی ژووری ئۆتۆمبێلفرۆشانی ئامەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "باج زیادبووە و لەبەر قەیرانی ئابوورییش کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی ئۆتۆمبێلە کۆتاکانیان لە تورکیا کشاندوونەتەوە. ئێستا لە پێشانگەکاندا ئۆتۆمبێلی سفر کیلۆمەتر نییە. هەموو ئەوانە هۆکارن کە ئەمڕۆ بازاڕی دەستەدووەکان بووژاوەتەوە. حکومەت دەتوانێت رێگەی لێبگرێت. ئەگەر سەرۆککۆمار باج کەمبکاتەوە، نرخی ئۆتۆمبێل دادەبەزێت".
 
لە زۆربەی پێشانگەکانی وەک ڤۆڵکسڤاگن، رینۆ، پێژۆ و تۆیۆتایشدا ئۆتۆمبێل بۆ کڕین پەیدانابێت و ئەوەیش داخوازیی لەسەر دەستەدوو زیاتر کردووە. 
 
ساڵح ئۆزگوڤەن، ئۆتۆمبێلفرۆشە و دەڵێت، "ساڵێک لەمەوپێش ئۆتۆمبێل هەبوو بە 25 - 30 هەزار لیرە دەمفرۆشت، ئێستا بە 46 هەزار لیرە دەمەوێت".
 
پسپۆڕان پێشبینی دەکەن ئەم زیادبوونی نرخە تاوەکو سێ مانگ بەردەوام بێت. ئەگەر بەو جۆرە بەردەوام بێت، دەبێت حکومەتی تورکیا خێرا باجی سەر ئۆتۆمبێل کەمبکاتەوە، چونکە ئۆتۆمبێلێکی مەکینە 20 کە بە 100 هەزار لیرەیە، بەبێ باج دەبێتە 32 هەزار لیرە، واتە 68 هەزار لیرە باجی لەسەرە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە