بڕیاری لەسێدارەدانی گەنجێكی ئێزدی ناڕەزایەتی لێدەكەوێتەوە

17-02-2020
ناسر عەلی
A+ A-
رووداو - دهۆك

دەرچوونی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ گەنجێكی كوردی ئێزدی لەلایەن دادگای نەینەوا كاردانەوەی توندی ئێزدییەكانی لێكەوتووەتەوە. باوكی گەنجە ئێزدییەكە دەڵێ كوڕەكەی لە رۆژی ئەو تاوانەی لەسەری سزا دراوە لە شوێنی رووداوەكە نەبووە، كەسوكاری گەنجە كوژراوەكەش داوا دەكەن دادگاییەكە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێ. 
 
لە رۆژی سێی ئابی 2017 گەنجێكی كوردی خەڵكی زوممار بە ناوی فارس نەواب محەممەد، 25 ساڵ، لە رووداوێكی تەقەكردن لە كۆمەڵگای خانەسۆری سەر بە ناحیەی سنوونێ‌ لە سنووری قەزای شنگال كوژرا، هاوڕێیەكیشی بریندار بوو. 15 رۆژ دواتر چەند گەنجێكی كوردی ئێزدیی خەڵكی شنگال لەسەر ئەو رووداوە دەستگیركران. رۆژی چواری شوبات، دادگای تاوانی نەینەوا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ خالد شەمۆ، تەمەن 21 ساڵ و دانیشتووی سەنتەری شنگال دەركرد.
 
شەمۆ قەیرانی، باوكی خالد، بە (رووداو)ی گوت: "رۆژی رووداوەكە كوڕەكەم لە كەمپی قادیا لە زاخۆ بوو. نیوەڕۆی ئەو رۆژە ئێمە نانی خێرمان دابەش دەكرد و دەیان كەسی گوند لە ماڵی ئێمە بوون و كوڕەكەی منیان بینیوە. بۆیە بڕیارەكەی دادگا دادپەروەرانە نییە، داوا لە هەموو لایەك دەكەم بەرامبەر ئەو بڕیارە بێدەنگ نەبن".
 
لە دوای دەركردنی داعش لە شنگال، بۆشاییەكی گەورەی ئەمنی لەو ناوچەیە دروستبووە كە بووەتە هۆی ئەوەی ناوچەی شنگال ببێتە گۆڕەپانی ململانێی هێز و لایەنە جیاجیاكان. ئێستا حەوت هێز لە شنگال هەن كە هەركامیان فەرمان و راسپاردە لە لایەنی سەرەوەی خۆی وەردەگرێ. ئەو دۆخە وایكردووە لە چەند ساڵی رابردوودا 85 كەس بكوژرێن و هیچ كەسێكیش لەسەر ئەو كوشتنانە دەستگیر نەكرێ.
 
نەواب محەممەد، باوكی فارس، دەڵێ: "كوڕەكەم پێشمەرگە بوو، لە ریزی پێشەوەی شەڕی دژی داعش بوو. رۆژی دووی ئاب لەگەڵ ئامۆزایەكی خۆمان سەردانی شنگالیان كرد، ئێوارە گەڕایەوە و گوتی چەند تۆنێك پیازی لە شنگال كڕیوە. رۆژێك دواتر لەگەڵ خزمێكی دیكەمان چوونە شنگال، پاشنیوەڕۆكەی كوژرا".
 
خزمەكەی فارس لە رووداوەكەدا رزگاری بوو، هەر ئەویش دواتر بۆ باوكی فارسی گێڕابووەوە كە چوار كەسی چەكدار رێگەیان لێ گرتوون و تەقەیان لێكردوون. نەواب دەڵێ "بە قسەی خزمەكەمان ئەو گەنجە ئێزدییەش لەگەڵ ئەوان بووە، بەڵام نازانین كێ تاوانبارە".
 
باوكی فارس بە دووری دەزانێ خالد بكوژی سەرەكی بێ و دەڵێ: "ئەوەی زانیاری بەو گەنجانە داوە و پلانی بۆ داڕشتوون، دەستگیر نەكراوە. ئێمە نازانین كێ تاوانەكەی كردووە، بەڵام دەڵێین تاوانباری دیكەش هەن".
 
شەمۆ بڕیارەكەی دادگا بە "سیاسی" وەسف دەكات و دەپرسێ: "بۆچی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ دەیان عەرەبی داعش دەرناكەن كە سەدان كچ و كوڕی ئێمەیان كوشت و كڕین و فرۆشتنیان پێوەكردن".
 
باوكی كوژراوەكە نایەوێ رووداوەكە ببێتە تایفی و دەڵێ: "تەنیا دەمەوێ مافی كوڕەكەم ون نەبێ، ئەگەر ئەوان بە بڕیارەكە قایل نین، ئەوە ئێمە رازین لە هەرێمی كوردستان دادگایی بكرێن، بۆ ئەوەی تاوانباری راستەقینە بە سزای خۆی بگات".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی تۆمەتبارەکە.

پۆلیسی سلێمانی: کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی باوکی دەستگیرکرا

رۆژی شەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2024، پۆلیسی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی لێكۆڵینەوە لە تاوانی كوشتن، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی، كەسێک دەستگیركرا كە تۆمەتبارە بە كوشتنی باوكی."