رووداو - پێنجوێن
لەنێو ماڵێک لە قەزای پێنجوێن رووداوێکی کوشتن لە رۆژی چوارشەممە 15-01-2025 ئاشکرا کرا، کە پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکان ناویان ناوە "رووداوێکی ئاڵۆز."
لە رووداوەکەدا ژنێکی تەمەن 42 ساڵ، بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، دوای خنکاندنی، تەرمەکەی شێوێندراوە، تۆمەتباری رووداوەکە هاوژینی ژنە کوژراوەکەیە و هەڵاتووە.
ژنە کوژراوەکە ناوی (ت. گ. م.) و هاوژینە تۆمەتبارەکەی ناوی (م. م.) تەمەن 65 ساڵە، ماوەی دوو ساڵە ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، کە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاشکرایان کردووە، دوو هەفتەیە ژنەکە کوژراوە و تەرمەکەی بە شێوێندراوی لەنێو ماڵی هاوژینەکەی شاردراوەتەوە، تۆمەتباری رووداوەکە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵاتووە.
رووداوەکە لە پێنجوێن روویداوە، بەڵام کوژراو و تۆمەتبار خەڵکی ئەو شارە نین؛ ژنە کوژراوەکە هاونیشتمانییەکی سلێمانییە، تۆمەتبارەکەیش هاونیشتمانییەکی مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە پێنجوێن نیشتەجێن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو لەسەر دۆسیەی کوشتنی ئەو ژنە تەمەن 42 ساڵە، چەند کەسێک دەستگیر کراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت؛ بەدوای ئەوەن هاوژینی ئەو ژنەیش دەستگیر بکەن، چونکە کوڕەکەی بە هێزە ئەمنییەکانی گوتووە، باوکی بکوژی باوەژنەکەیانە، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە و تەرمی ژنەکەیش بە شێوێندراوی لە دادپزیشکییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ