رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی، هێرشەکەی پاسدارانی بۆ سەر هەولێر بە "زوڵمێکی گەورە" لە گەلی کوردستان و پێشێلکردنی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان ناو دەبات و دەڵێت" بەبیانووی ناڕاست و بێ بنەما" کراوە.
رۆژی چوارشەممە، 17-01-2024، ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی لە دیدارەکەدا، "باڵیۆزی بەریتانیا بە سەرۆک بارزانی راگەیاند کە سەردانەکەیان بۆ گەیاندنی هاوسۆزی و پشتیوانیی وڵاتەکەیە بۆ خەڵک و هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر ئەو پەلامارە بێ پاساوانەی کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ئەوەشی گوتووە، کە نابێت عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێنە گۆڕەپانی تووندوتیژی وڵاتانی ناوچەکە و پێویستە عێراق و وڵاتانی دراوسێ رێز لە سەروەریی خاکی یەکدی بگرن."
سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، "ئەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسداران کرایە سەر هەولێر بە بیانووی ناڕاست و بێ بنەما، زوڵمێکی گەورە بوو لە گەلی کوردستان کرا و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بوو."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەشداوە، "بەمجۆرە پەلامارانە ئیرادەی گەلی کوردستان ناشکێت بەڵکو بەهێزتر و پتەوتر دەبێت."
لەبارەی پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانیشەوە سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاندووە، " هەرگیز لەگەڵ گرژی و ئاڵۆزی و تێکچوونی پەیوەندیمان لەگەڵ هیچ وڵاتێک نین بە پێچەوانەوە دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان هاوسەنگ و دۆستانەبن، بەڵام ناچینە ژێر باری سەپاندنی بڕیار و سیاسەتی خۆسەپێن لەلایەن هیچ وڵاتێک و دەستبەرداری بەها بەرز و پیرۆزەکانی خۆمان و دۆزی رەوای گەلەکەمان نابین لە ژێر هیچ گوشار و پەلامارێکدا."
کاژێر 11:30ـی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە مووشەک هێرشکرایە سەر شاری هەولێر و بەو هۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16ی دیکە بریندار بوون.
هەر زوو دوای رووداوەکە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئەوان هێرشەکەیان کردووە و ژمارەیەک شوێنی کردووەتە ئامانج کە "بنکەی تیرۆریستی" و "گرووپە دژبەرەکانی ئێران" بووە.
یەکێک لەو شوێنانەی کرایە ئامانج، ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی، سەرۆکی گرووپی فاڵکۆن بوو، کە لەگەڵ کچە بچووکەکەی، میوانێکی و کارگوزارێکی ماڵەکە گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ