باڵیۆزی بەریتانیا: سەردانی هەولێرم کرد بۆ پێشاندانی هاوسۆزی بۆ هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبووەوە و هێرشەکانی رۆژی دووشەممەی ئێرانی بۆ سەر هەولێر بە "هێرشی قێزەون" ناو برد.
رۆژی چوارشەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2024، ستیڤن هیچنس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی پرسی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی بۆ سەر هەولێر و دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی بەریتانیای بۆ هەرێمی کوردستان تاوتوێکرد.
باڵیۆزی بەریتانیا لەبەغدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نووسیوویەتی، "ئەمڕۆ سەردانی هەولێرم کرد بۆ دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق، لەدوای هێرشە قێزەونەکەی رۆژی دووشەممە لەلایەن ئێرانەوە. کەمێک لەمەوبەر لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوومەوە و پاش کەمێکی دیکەش لەگەڵ سەرکردەکانی دیکە کۆدەبمەوە."
ئەم سەردانەی باڵیۆزی بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی 2024، لە پەیامێکی دیکەیدا، باڵیۆز لە ئێکسێکدا نووسیبووی، "سەرکۆنەی دووژمنکاریی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکەم کە پێشێلکارییە دژی سەروەری و سەلامەتیی خاکی عێراق. سەرەخۆشی قووڵی خۆم لە خێزانی ئەو کەسانە دەکەم کە لە هێرشەکەدا کوژران و لەم کاتە هەستیارەدا پشتیوانیی خۆم بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەردەبڕم."
هەر رۆژی سێشەممە، دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەبارەی هێرشەکانی هەولێر لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رایگەیاند "بەریتانیا سەرکۆنەی هێرشەکانی شەوی دووشەممەی رژێمی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات. ئەم کارە بێ پاساو و ناڕەوایانە پێشێلکاریی قبووڵنەکراون دژی سەروەری و سەلامەتیی خاکی عێراق. دڵمان لای کەسوکاری قوربانییانە."
شەوی دووشەممە، 15-01-2024 سوپای پاسداران بە مووشەک هێرشی کردە سەر ماڵێکی سەرمایەداری ناسراوی هەولێر پێشڕەو دزەیی و لەئەنجامدا بووە هۆی گیانلەدەستدانی پێشڕەو دزەیی، کچ، هاوڕێ و کارگوزارێکی ماڵەکەی، هەروەها 16 کەسیش بریندار بوون.