بلینکن دەڵێت حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی نزیکە و سەرکۆنەی ئێران دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی نزیکیانە و وڵاتەکەی بێ دوودڵی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر سەرکۆنە دەکات.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وێنەیەکی خۆی و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی لە داڤۆس بڵاوکردەوە.
بلینکن لەسەر وێنەکە نووسیویەتی، "لە پاش هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەمڕۆ لە داڤۆس قسەم لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران کرد. حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی نزیکە و ئەمریکا بێ دوودڵی دەستدرێژییەکانی ئێران سەرکۆنە دەکات".
دوێنێ سێشەممە، نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە داڤۆس، مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن کۆبووەتەوە. نووسینگەی مەسرور بارزانی باسی لەوە کردبوو، بلینکن لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێرەوە رایگەیاندووە، "ئەمریکا و سەرۆک جۆ بایدن ئەم هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان بە جیدیی وەردەگرن و هەوڵی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەدەن".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە داوە، "بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکەی هەولێر دەکەین کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری عێراقە. هاوخەمی وڵاتەکەشی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی هێرشەکە دەربڕی".
لە درێژەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتیشی کردەوە کە ئەمریکا و سەرۆک جۆ بایدن، ئەم هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هەڕەشەی جیدی وەردەگرن و هەوڵی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دەدەن".
شەوى دووشەممە لەسەر سێشەممەی ئەم هەفتەیە، سوپاى پاسدارانى ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر هەولێر و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16ی دیکەش بریندار بوون.
بە فەرمانى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى پێنج ئەندامى لەسەر ئەو هێرشە پێکهێندرا، کە قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق سەرۆکایەتى دەکات و رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان تێیدا ئەندامە.
لیژنەکە سەردانى هەولێری کرد و چووە ئەو شوێنانەی بۆردوومان کرابوون و دەبێت لەماوەى 48 کاژێردا راسپاردەى خۆی لەبارەی ئەو ھێرشە بداتە سەرۆکوەزیرانى عێراق.