هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: هەسەدە 170 ئەندامی داعشی لە حەسەکە دەستبەسەرکردووە

17-01-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەڵێت، لە ژمارەیەک ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ هەسەدەدا 170 ئەندامی داعشیان لە حەسەکە[ی رۆژئاوای کوردستان] دەستبەسەرکردووە. 
 
رۆژی دووشەممە 16ـی کانوونی دووەمی 2023، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2022 تاوەکو 5ـی کانوونی دووەمی 2023، هێزەکانی سووریای دیموکرات -  هەسەدە و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بۆ دەستبەسەرکردنی ئەندامدانی داعش و رێگەگرتن لە هێرشی داهاتوویان لە پارێزگای جزیر [حەسەکە] کرد." 
 
بەگوێرەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنەکەیان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی برووسکی جزیر کردووە و نزیکەی 1,000 ئەندامی هەسەدە، لەنێویدا هێزەکانی ئاسایش ئۆپەراسیۆنی گەڕانیان لە ناوچەکانی تل حەمیس، تل بەراک و کامپی هۆل کردووە. 
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە ماوەی ئۆپەراسیۆنە هەشت رۆژییەکەدا، 150 جار هەڵیانکوتاوەتە سەر شانەکانی داعش و لە ئەنجامدا "40 گوند پاککراونەتەوە و سەروو 170 ئەندامی داعش دەستبەسەرکران." جگە لەوەش، دەڵێت، دەستیان بەسەر "سەدان" چەک و کەلوپەلی لۆجیستیی داعشدا گرتووە. 
 
ژەنەڕاڵ کلۆد تودۆر، فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا دەڵێت: "هێزە هاوبەشەکانمان لە سووریا پابەندبوونێکی گەورەیان پێشانداوە لە تێکشاندنی داعش و بەردەوام ئۆپەراسیۆنی سەربەخۆی ئاڵۆزی دژە تیرۆر دەکەن کە لەلایەن شێخی ناوچەکانەوە داوایان لێدەکرێت." 
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت، ئەو ئۆپەراسیۆنەیان پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگە خۆجێیەکانی بەرزکردووەتەوە و دانیشتووان لە هەڕەشەی داعش دەپارێزێت. دەشڵێت، ئەوان وەکو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ئەرکی راوێژکاری و هاوکاریکردنی هاوبەشەکانیان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا بەرقەرار بکەن. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە