وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان: ناکۆکیی پارتی و یەکێتی ناگاتە دوو ئیدارەیی

17-01-2023
پەیمان محەممەد
عەبدوڵلا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان میوانی بووڵتەنی کاژێر 20:00‌ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو
عەبدوڵلا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان میوانی بووڵتەنی کاژێر 20:00‌ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان پێیوایە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی نابنەهۆی دوو ئیدارەیی و دەشڵێت: ''نەدەبوو ناکۆکییەکان بهێندرێنە نێو حکومەت.'' 
 
رۆژی سێشەممە، 17-1-2023، عەبدوڵلا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان میوانی بووڵتەنی کاژێر 20:00‌ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شاهۆ ئەمین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: ''ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، بەر لە دەرکردنی راگەیێندراوەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو؛ نەدەبوو ئەو ناکۆکییە بهێنرێتە نێو حکومەت.''
 
رۆژی 15-1-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە لە بەشێکیدا هاتبوو: "پێویستە وەزیر و تیمە وەزارییەکان جێبەجێکاری ئەجێندای حکومی بن و نابێت کێشە و ئاڵۆزییە سیاسییەکان بگوازنە ناو حکومەت. دەبێت کێشە سیاسییەکان لە دەرەوەی حکومەت هەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێت، نەک کاری حکومەت پەک بخەن.''
 
عەبدوڵلا حاجی مەحموود گوتی: '' کوتلەی وەزاریی یەکێتی، بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە و لەم ماوەیەدا تەنیا دەوامی ئاساییان هەبووە و لە کۆبوونەوەکان بەشدار نابن، بۆیە سەرۆکوەزیرانیش دوای کۆبوونەوە راگەیێندراوی بڵاوکردەوە و گرفتەکانی خستنەڕوو.''
 
بە گوتەی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا تیشک خراوەتە سەر بەشدارنەبوونی کوتلەی یەکێتی لە کۆبوونەوەکاندا و ''سەرۆکوەزیرانیش گوتی: دەبێ هاووڵاتییان لە گرفتەکان ئاگاداربن و بزانن کێشەکان چین.''
 
دوای بڵاوبوونەوەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکی ئەو راگەیێندراوەدا هاتبوو، ''گلەیی و هەڵویستمان لە کردەوە و شێوازی ئیدارەدانی کابینەی نۆیەم هەیە.''
 
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود رایگەیاند: "هەوڵمان داوە ناکۆکییەکان لە نێوان یەکێتی و پارتی چارەسەربن و لەگەڵ هەردوولایەن قسەمان کردووە، بەڵام بێ وەڵام بووین.'' گوتیشی، ''ناکۆکییەکان لە دەرەوەی حکومەتەوە سەرچاوە دەگرن، بەڵام کاریگەریی نەرێنییان لەسەر کابینەی وەزاری و کاروباری حکومەت هەبووە.'' 
 
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند: ''ئەگەر هەوڵی لێکتێگەیشتنی زیاتر بدرێت، ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی، هەرێمی کوردستان بەرەو لەتبوون نابەن".
 
ئەو وەزیرەی کابینەی نۆیەم، لەبارەی سەردانی برێت مەکگۆرگ، رێکخەری کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە کۆشکی سپی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان گوتی: ''ئەو وڵاتانەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کودرستان هاوپەیمانن بۆ رێککەوتنی زیاتر، بەتایبەتی چارەسەریی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی کاردەکەن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە