ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان "چەند کەسێکی سەر بە پەکەکە" لە دهۆک دەستگیر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە پارێزگای دهۆک "گرووپێکی سەر بە پەکەکە"یان دەستگیرکردووە. دەڵێت، ویستوویانە "کردەوەی تیرۆریستی بکەن."
رۆژی سێشەممە 17-01-2023، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی "گرووپێکی سەر بە پەکەکە"ی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە رۆژی 06-01-2023 دەستگیرکراون و لە دوو کەس پێکهاتوون.
وەک ئەنجوومەنەکە دەڵێت، "هێمن یوسف خزر" کە بە "هەڤاڵ ئاندۆق" ناسراوە و "ئەحمەد شەمۆ سەمیر" ناوی ئەو دوو دەستگیرکراوەن.
لە دانپێدانانەکەدا هێمن یوسف خزر گوتی، "لە ساڵی 2016 پەیوەندیم بە پەکەکەوە کرد.. رۆژهات پێی گوتم، دەچیتەوە شێخان و وێنەم بۆ بگرە و بۆم بنێرە..
لە هەمان کاتدا دەستیان بەسەر "سێ بۆمبدا" گرتووە و "شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەش دەستگیرکراوە کە بۆمبەکانی گواستووەتەوە." ئەمە بە گوتەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان.
ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت، لە لێکۆڵینەوەکانیاندا دەرکەوتووە: "لە رێگەی بەرپرسێکی هەواڵگریی پەکەکە بە ناوی (ناجی حجی بدل) ناسراو بە (رۆژهات) راسپێردراون تاوەکو چاودێری ئۆتۆمبێلە سەربازیی و کەسایەتییە ئایینیی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بکەن بە مەبەستی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی."
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت: کەمپەکانی "شاریا، بێرسڤێ، کەبەرتوو و شێخان" لە پارێزگای دهۆک ئامانجی "کردەوە تیرۆریستییەکان بوون."