رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ناوچەی یەکی ھێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق رایگەیاند، دوو ملیۆن کەس فۆرمی دامەزراندنیان بۆ پاسەوانی سنوور پڕکردووەتەوە. لەو ژمارەیەش تەنیا دوو هەزار و 621 کەس دادەمەزرێن و دەشڵێت: "ئێستا هێزەکانی پاسەوانی سنوور درۆنی چاودێرییان هەیە و بڕیارە ئامێر و پێداویستی پێشکەوتووتریشیان بەدەست بگات."
رۆژی سێشەممە 17-01-2023 عەقید کاروان خۆشناو، گوتەبێژی ناوچەی یەکی ھێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق میوانی بوولتەنی نیڤرۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "لە رۆژی دووشەممە 16-01-2023 لینکی پڕکردنەوەی فۆرمی دامەزراندن لە پاسەوانی سنوور کاراکراوە و رۆژی 18-01-2023 کاژێر 12:00ی شەو رادەگیرێت."
عەقید کاروان خۆسناو گوتی: "تاوەکو ئێستا 12 ملیۆن کەس سەردانی لینکەکەیان کردووە و لەو ژمارەیە دوو ملیۆن کەس خۆیان ناونووس کردووە، لەکۆی ئەو کەسانەی فۆرم پڕدەکەنەوە، تەنیا دوو هەزار و 621 کەس لە هەموو عێراق دادەمەزرێن."
گوتەبێژی ناوچەی یەکی ھێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق دەڵێت: "دوێنێ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق هاوئاهەنگییان کرد بۆ ئەوەی پشکی زۆری دامەزراندنەکە بەر هەرێمی کوردستان بکەوێت."
دامەزراندنی ئەو پاسەوانانە تایبەتە بۆ ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور کە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی بە درێژایی نزیکەی هەزار و 30 کیلۆمەتر دەگرێتەوە.
لەبارەی مەرجەکانی دامەزراندنیش، عەقید کاروان خۆشناو گوتی: "کەسەکە دەبێ تەمەنی لەنێوان 17 ساڵ بۆ 35 ساڵ بێت، لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت و فۆرمەکە بە زمانی عەرەبی پڕبکاتەوە و تەنیا پێویستە بڕوانامەی سەرەتایی و دواناوەندیی هەبێت."
سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی سنوورەکان، گوتەبێژی ناوچەی یەکی ھێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق پێیوایە، ئێستا دۆخی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە جاران "ئارامترە"، بەتایبەت سنووری ئێران. دەشڵێت: "ئەو شوێنانەش تورکیا بەبیانووی پەکەکە تۆپبارانی دەکرد ئێستا ئەوێش هێمنترن و بەشێک لە هۆکارەکەی وەرزی زستانە کە هاتووچۆ لەو سنوورانە ئەستەمبووە."
بەگوتەی عەقید کاروان خۆشناو، تورکیا زیاتر لە 30 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە و ئێرانیش لە سیدەکان هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام لە سنووری کۆدۆ و حاجی ئۆمەران لە خاڵی سفرە.
گوتەبێژی ناوچەی یەکی ھێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق گوتیشی: "ئێستا لە هەموو لیواکانی پاسەوانی سنوور درۆنی چاودێریمان هەیە و بڕیارە حکومەتی عێراق ئامێر و پێداویستی پێشکەوتووتریشمان بۆ بنێرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ