رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵەرێکی پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک دەڵێت، داوا لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕالی ناسراو بە"FBI" کراوە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جاف بکات کە ئۆکتۆبەری ساڵی 2022 لە هەولێر "تیرۆر" کرا، دەشڵێت: یەکێتی و پارتی بەناکۆکییەکانی نێوانیان، 'خۆیان و هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەن و جۆرێک لە بێمەنەتیشیان هەیە لەئاست راوێژی دۆستەکانیان.'
رۆژی دووشەممە، د. بیلال ئەحمەد وەهاب، لێکۆڵەر لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک لە بووڵتەنی کاژێر 23:00 میوانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، لەبارەی دۆسیەی تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جاف، زانیاریی نوێی ئاشکراکرد و گوتی: "لەسەر دۆسیەی کوشتنی هاوکار جاف داوا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کراوە کە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕالی (FBI) لەو لێکۆڵینەوانەدا دەستی هەبێت و هاوکار بێت، لەوەدەچێت ئەمریکاش بەو بڕیارە رازی بووبێت و هاتبێتە پێشەوە لێیان."
نیوەڕۆی رۆژی هەینی، 7-10-2022، لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر "دوو بۆمب" بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا هاوکار عەبدوڵڵا گیانی لەدەستدا. هەروەها خوشکێکی عەقید هاوکار کە لەگەڵ دوو منداڵ و هاوژینی ئەو ئەفسەرە کە لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، بریندار بوون.
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە دواتر ڤیدیۆی دانپێدانانی بڵاوکردنەوە، لەسەر ئەو کردەوەیە 6 تۆمەتباریان دەستگیرکردوون، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان دەرکەوتووە "ئەم کردەوە تیرۆریستییە لەلایەن تیمێکی دژە تیرۆری سلێمانی ئەنجامدراوە بە فەرمانی راستەوخۆی (وەهاب مەجید باقی، ناسراو بە وەهاب هەڵەبجەیی، بەرپرسی دژە تیرۆری سلێمانی) و (کارزان محەممەد رەشید، بەرپرسی هەواڵگری دژە تیرۆری سلێمانی)."
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕالی FBI، لە ساڵی 1908 دامەزراوە. ئاژانسێکی حکومەتی ئەمریکایە و سەر بە وەزارەتی دادی ئەو وڵاتەیە. هەرچەندە ئاژانسەکە پتر کار لەسەر دۆسیە و تاوانەکانی ناوخۆ دەکات، بەڵام لەسەر داوای وڵاتان بەشداری لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی تاوان لە دەرەوەی ئەمریکاش دەکات.
بارەگای سەرەکیی ئاژانسەکە لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا، بەڵام لە 180 وڵات نووسینگەی لە چەندین کۆنسوڵخانە و باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتەدا هەیە. FBI جگە لە دۆسیە نێوخۆییەکانی ئەمریکا، کار بۆ پاراستنی ئەمریکا لە هێرشە تیرۆریستییەکان، بەرەنگاربوونەوەی سیخوڕی و چالاکی دەزگە هەواڵگرییە بیانییەکان، پاراستنی ئەمریکا لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی مافە مەدەنییەکان و بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی نێوخۆ و دەرەوەی سنوور، بەرەنگاربوونەوەی بەرتیل و فێڵ و شووشتنەوەی پارە و ساختەکاری و بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی تووندوتیژی دەکات.
رۆژی دووشەممە 16-01-2022 برێت مەکگۆرک، هاوئاهەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە. دواتر سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
سەبارەت بە ئەجێندای سەردانەکەی مەکگۆرک بۆ هەرێمی کوردستان، د. بیلال ئەحمەد وەهاب گوتی: "چەند دۆسیەیەکە، دۆسیەی سەرەکی بریتییە لە دۆسیەی ئەمنی، هەڵبەت حکومەتی عێراق تازەیە، باکگراوندێکی لەو لایەنانە پێکدێت کە نەیاری بوونی سەربازیی ئەمریکان لە عێراقدا و ئەوان بەشێکی سەرەکیین لەم حکومەتە، بۆیە پێش سەردانەکەی بریت مەکگۆرک، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ وۆڵ ستریت جۆڕناڵ جۆرێک لە دڵنەوایی بەلایەنی ئەمریکی داوە لەسەر پتەوی ئەم پەیوەندییە دوو لایەنە، بەتایبەت پەیوەندیی سەربازی، رەنگە ئەمە رێگەخۆشکردن بێت بۆ دیالۆگی ستراتیژی کە بڕیارە لە بەهاری ئەمساڵدا سازبکرێت."
ئامۆس هۆچستاین، راوێژکاری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی وزە، یەکێکە لە ئەندامانی شاندەکەی ئەمریکا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆیە لێکۆڵەرەکەی پەیمانگەی واشنتن دەڵێت: "لەوە دەچێت ئامانجێکی دیکەی سەردانی شاندە ئەمریکیییەکە پەیوەندی بە وزەوە هەبێت."
د.بیلال گوتیشی: "ئەمریکا دەیەوێت کارە نەگونجاوەکانی ئێران لە عێراق نەهێڵێت. کەواتە لەڕووی وزەوە ئەمریکا دەیەوێت هاوکاری عێراق بێت، گوشاریش لە عێراق بکات تاوەکو لەگەڵ هەرێمی کوردستان کێشەکانیان چارەسەربکەن تاوەکو نەبێتە دەرچەیەک بۆ ئێران و لایەنەکانی دیکە بۆ قۆستنەوەی."
پەیوەندیی پارتی و یەکێتی تادێت گرژتر دەبێت، بە تایبەتی دوای راگەیێندراوەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە چەندین تۆمەتی دایە پاڵ یەکێتی، هەر هەمان رۆژ تیمی وزاریی یەکێتی وەڵامی راگەیێندراوەکەی حکومەتی دایەوە.
سەبارەت بە پەیوەندیی سەردانەکەی مەکگۆڕک بە گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، بیلال ئەحمەد وەهاب، لێکۆڵەر لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک گوتی: "ئەم شەڕەی نێوان یەکێتی و پارتی ئەوە ناهێنێت کە برێت مەکگۆرک سەردانی هەرێمی کوردستان یان بەغدای بۆ بکات، بەڵام ئێستا کە هەڵتەقیوە بەسەریدا مانای ئەوە نییە باسی ناکات."
لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەو گرژیانەش لەسەر هەرێمی کوردستان، د.بیلال گوتی: "مەسەلەی شەڕی پارتی و یەکێتی لەسەر پارە و دەسەڵاتەکان ئیحراجییەکی بۆ هەرێمی کوردستان دروستکردووە، چونکە لەلایەکەوە ئەم ئیدارەیە [ئەمریکا] دەیەوێت پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ساڕێژ بکات، لەسەر بودجە هەوڵ و هاوکارییەکی زۆری هەردوولا دەکەن، لە پرسی دەرکردنی یاسای نەوت و گاز قسەی جیدی دەکەن، چونکە دەبەسترێتەوە بە پرسی گاز و کەمکردنەوەی کڕینی گازی ئێران و کەمکردنەوەی پشتبەستنی عێراق بە ئابووریی ئێرانەوە و سپیکردنەوەی ئەو پارەیەی ئێران لە رێگەی بازاڕی عێراقەوە دەیکات."
ئەو لێکۆڵەرە زیاتر لە بارەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی قسەی کرد و گوتی: "بەڕاستی هەرێمی کوردستان خۆی ئیحراج و ناشرین دەکات. لەکاتێکدا حکومەتێکی تازە لە بەغدا دروستبووە و دەرفەت لەبەردەم هەرێمی کوردستان هەیە، ئێوە دەزانن ئێمە مێژوویەکمان هەیە لە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەمیشە ساڵی یەکەم وەکو مانگی هەنگوینی وایە، بەغدا دەیەوێت کورد رازی بکات، بۆیە دەرفەتێکە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا جۆرێک لە پێشکەوتن لە پەیوەندییەکانی بهێنێتە کایەوە، زۆر جار ساڵی دووەم و سێیەم و کۆتایی تێکدەچێت، بەڵام لەم کاتەدا ئەم دەرفەتە هەیە، هەرێمی کوردستان ئەوەندە سەرقاڵی کێشە نێوخۆییەکانییەتی، ناتوانێت سوود لە بوونی حکومەتێکی تا ئاستێکی زۆر لاواز وەربگرێت، چونکە ماڵی شیعە پەرتەوازە بووە، ساڵێکی پێچووە حکومەت دروستبکرێت."
سەبارەت بە بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، د.بیلال گوتی: "جۆرێک لە بێمنەتی لە راوێژی ئەمریکا و دۆستەکانی هەرێمایەتی و دوورەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، بەرپرسان دەڵێن ئیتر بەزۆر ئاشتیان ناکەینەوە، وڵات وڵاتی خۆیانە، بەرژەوندی بەرژەوەندیی خۆیانە، ئەگەر ئەوان بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە راوێژی ئەمریکا راستەڕێ نابن، راوێژیش کراون، وەکو لە تازەکردنەوەی ئەو پارەیەی دەدرێت بە هێزەکانی پێشمەرگە ئەمجارە تووندترن، پێش شاندەکەی برێت مەکگۆرک، شاندێکی دیکەی کۆنگرێس لە کۆتایی ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان بوون و لە دیدارە تایبەتەکاندا زۆر بە راشکاوی ئەگەر نەڵێم بەتووندی بە هەرێمی کوردستانیان راگەیاندووە کە ئەو پارەیە چەکێکی هەتاهەتایە کراوە نییە و دەبێت هەرێمی کوردستان لەو بەڵێنانەی لە چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە ئەنجامێک بێتە ئاراوە، بڕیارە لەم مانگەدا راپۆرتی یەکەم بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا بەرزبکرێتەوە، ئەو پارەیە پارەیەکی خۆڕایی نییە، بەڵکو مەرجی لەسەرە، بۆیە هەرێمی کوردستان خۆی ئیحراج و لاواز دەکات و نازانم ئیدی دۆستەکانی لەوە زیاتر چی بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ