پەروەردەی سلێمانی: هەر قوتابییەک نەیتوانی ئامادەی تاقیکردنەوە بێت دواتر تاقیکردنەوە دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایدەگەیێنێت، هەر قوتابی و خوێندکارێک بەهۆی بەفربارینەوە نەیتوانی بەشداریی تاقیکردنەوەکانی رۆژی دووشەممە بکات دوای پشوو دەتوانێت دووبارە تاقیکردنەوەکان ئەنجام بداتەوە.
 
بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی کە واژۆی دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی لەسەرە هاتووە "هەر قوتابی و خوێندکارێک بەهۆی ئەم شەپۆلی بەفر بارینەوە نەیتوانی ئامادە بێت لە تاقیکردنەوەی رۆژی 17-1-2022 دەتوانێت لە دوای پشووی کۆتایی وەرزی یەکەم تاقیکردنەوەی ئەمڕۆی وەک قوتابی و خوێندکارێکی مۆڵەت پێدراو دەتوانێت تاقیکردنەوەکە ئەنجام بدات بە پێی خشتەیەک کە لەلایەن کارگێڕی قوتابخانەو خوێندنگەکانەوە دیاری دەکرێت."
 
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو کە دەسەڵاتیان داوە بە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنوورەکەیان بۆ راگەیاندنی پشوو لە کاتی پێویستدا. گوتیشی: "زۆربەی پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکە پشوویان بۆ قۆناخەکانی یەک تاوەکو سێی بنەڕەتی و باخچەی ساوایان بۆ ماوەی سێ رۆژ راگەیاندووە".
 
هەروەها، رێژەن بورهان بەڕێوەبەری هاتووچۆی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی بەفربارینەوە رێگەی سەرەکی دەربەندیخان - سلێمانی داخراوە و داوایکرد، هیچ کەسێک رێگەکە بەکارنەهێنێت.
 
بارینی بەفرێکی زۆر و کەشوهەوای ناجێگیر، بووە هۆکاری راگەیاندنی پشووی فەرمی لە پارێزگای هەڵەبجە. قایمقامی هەڵەبجە دەڵێت، فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان لە ئەرکدان. بە گوتەی قایمقامی هەڵەبجە، تاوەکو ئێستا لە سنووری هەڵەبجە ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی شۆفێران دروستنەبووە.