لە هەولێر گەنجێکی نابینا چەندین بەهرەی هەیە و میوزیک دەژەنێت

18-01-2022
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
گەنجێکی نابینا چەندین بەهرەی هەیە
گەنجێکی نابینا چەندین بەهرەی هەیە
نیشانەکردن خاوەن پێداویستی تایبەت
A+ A-
رووداو دتجیتاڵ

ساڵح وەعدوڵڵا، گەنجێکی باوەڕ بەخۆبووی زیرەک و بەهرەمەندە، کەمانێکی خۆش دەژەنێت، کۆلێژی ئەدەبیاتی لە زانکۆی سەڵاحەدین تەواوکردووە، کارمەند و بەڕێوەبەری شیفتێکە لە کتێبخانەی شەهید شەوکەت، چەندین کەس لە بەردەستی کار دەکەن، خوێنەرێکی باشە، ساڵح بەم هەموو زیرەکییەوە نابیناشە.
 
ساڵح وەعدوڵڵا عەبدوڵڵا، باسی چیرۆکی خۆی بۆ رووداو دەکات و دەڵێت، "لە منداڵی بەهۆی کارەساتێکەوە چاوەکانم لەدەستدا، ئیدی درێژەم بە ژیانمدا لە بواری خوێندن و بەکالۆریۆسم بەدەستهێنا لە زمانی عەرەبی لە کۆلێژی ئاداب و زمان لە زانکۆی سەڵاحەددین، هەر لە قۆناخی ئامادەییەوە دەستم بە ئیشکردن کرد بەبێ ئەوەی هیچ رێگرییەک ببینم کە بڵێم نابینا رێگری لە پێشە یان شتێک لەو بابەتە."
 
ساڵح وەعدوڵڵا عەبدوڵڵا، دەشڵێت، "لە تەمەنێکی بچووکەوە نزیک 10 ساڵبووم کە ژەنیاری کەمانچە بووم، هەروەها گۆرانیشم دەگوت لە چالاکییەکانی قوتابخانە، لە زۆربەی ئاهەنگەکان گۆرانیم دەگوت و میوزیکم دەژەنی، لەوەتەی خۆم ناسیوە و لە هەرزەکاری دەرچوومە سوپاس بۆخوا خوێنەرم و کتێبخانەم زۆر پێباشبووە، پێشتر میوزیکژەن بووم لە کافێی قوتابخانەیەکی تایبەت، لەو شوێنەوە بیرۆکەی ئەوەم بۆ هات کە خزمەتی زیاتر بکەم، ئەمجارە بە کتێب و خوێنەران نەک تەنیا بۆ میوزیک." 
 
ساڵح، باس لەوەش دەکات، "ئەوانەی کە پێیان دەڵێن خاوەنپێداویستی تایبەت هەموویان با باش گوێ لەم قسەیەم بگرن، ئەوە خەون بوو بۆ من، خەونیش بەدیهاتنی هەیە باش بزانن، لە 08-05-2021  دەستم بە کارکردن کرد لێرە لە بەشە ناوخۆیی شەوکەت شێخ یەزدین لە هەولێر کە تایبەتە بە زانکۆی سەڵاحەددین بە هەموو کۆلێژەکانی، ئەگەر باسی ژمارەی سەرچاوەکان بکەم لەو کتێبخانەیە بەڕاستی هەژمار ناکرێت، بەڵام کتێب و سەرچاوەی زۆر دانسقەی لێیە، هەموو ئەو سەرچاوانەی کە هەستبکەین بۆ قوتابی و سیستەمی خوێندن سوودی هەبێت و بۆ خوێنەرانیش هەمانە."
 
ساڵح بەردەوامە لەگێڕانەوەی چیرۆکی خۆی و ئاماژە بەوە دەکات، "کتێبخانەکە لە هۆڵێکی خوێندنیش پێکدێت کە قوتابیەکان لێی وانە دەخوێنن، ئەگەر پرسیارێکیشیان بۆ دروستببێت لە رووی وانە، توێژینەوە و راپۆرت ئەوە یارمەتییان دەدەم، وەک برا و هاوڕێ سەیریان دەکەم، چونکە دەزانم پەیامەکەم چۆن دەگات، پەیام بە پەیوەندی مامۆستایەتی ناگات بەڵکو بە پەیوەندی برایەتی باشتر دەگات." 
 
ئەو نابینا بەهرەمەندە ئەوەشی خستەڕوو، کە ئامادەیە خۆبەخشانە لەم شوێنە خزمەتی قوتابییەکان بکات و دەشڵێت "شەوانەش هەر لێرە دەمێنمەوە و لەخزمەتیاندام، ئەوەی خەونی هەبێت دەگات بە خەونەکەی با دڵنیابێت، ئەوەی بوونی هەیە دڵنیابێت بوونی بۆ شتێکی باشە واتە بۆ شتێکی باش هاتووەتە ئەم دونیایە، وەک گەنجێک تکا لە گەنجان دەکەم تاوەکو توانایان هەیە هەوڵبدەن و تێبکۆشن و فێربن."
 
ساڵح وەعدوڵڵا، لەکۆتایی چیرۆکەکەیدا پەیامی بۆ خاوەنپێداویستییە تایبەکان هەیە و داوایان لێدەکات کە باشترینبن، داواش دەکات کە خێرخوازان پشکیان هەبێت لە کتێبخانەی زانکۆی سەڵاحەددین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە