چەند کەسێک لە گۆیژە گیریان خواردووە و داوای هاوکاریی بەپەلە دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

بەفرێکی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی باریوە و رێگەی هاتووچۆی گەشتیاران ئەستەم بووە. هاونیشتمانییەک بە رووداوی راگەیاند، لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممەوە چەند کەسێک بە ئۆتۆمبێلەوە لەنێو بەفر گیریان خواردووە و تاوەکو ئێستا کەس نەچووە بە هانایانەوە.
 
بەهۆی ئەو بەفرەی لە رۆژی یەکشەممە 16-1-2022 سەنتەری شاری سلێمانی و دەوروبەری گرتووەتەوە لە ناوەندەکانی خوێندن بۆ پۆلی 1ی بنەڕەتی تاوەکو 3ی بنەڕەتی و باخچەی ساوایان کراوەتە پشووی فەرمی. هەروەها لە چەند شار و شارۆچکەیەکی سنووری سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجەش بەهۆی بەفربارینەوە پشوو راگەیێنراوە.
 
هاونیشتمانییەک بەناوی گۆڤەند تاهیر پەیوەندی بە تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی کە لە کاژێر 4:30 خولەکی رۆژی یەکشەممەوە لەگەڵ منداڵ و خێزانەکانیان چوونەتە شاخی گۆیژە و بەهۆی زۆری بارینی بەفر رێگەیان لێگیرا، دەشڵێت "هەرچەند دوێنێ توانیمان ژن و منداڵەکان لەنێو بەفر رزگار بکەین. بەڵام ئەمڕۆ لە کاتی گەڕانەوەمان بۆ هەمان شوێن و بۆ لای ئۆتۆمبێلەکان رێگەمان لێگیرایەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات کە ماڵباتێکی خەڵکی کەرکووک لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیان گیریان خواردووە و تاوەکو ئەمڕۆش نەیانتوانیوە رزگاریان بێت. 
 
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، تاوەکو ئێستا کەس بە هانایانەوە نەچووە و نزیکەی 10 ئۆتۆمبێل ئێستا لە گۆیژە گیریان خواردووە و دەشڵێت " داوا دەکەین بەپەلە لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە سەر هێڵ و فریامان بکەون."
 
محەممەد عومەر، بەڕێوەبەری تیمەکانی پاکردنەوەی رێگەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا تیمەکانیان سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگەکان، بە دڵنیاییەوە ئێستا بە زووترین کات لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداردەکەینەوە و پەیوەندییان پێوەدەکەین بۆ ئەوەی بە زووترین کات رزگاریان بکەین."
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانیش دەڵێت، بەهۆی ئەو رێژە زۆرە بەفربارینەی لە شارەکە و دەوروبەری باریوە رۆژانی سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممە لە ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمییە.