شەماڵ عەبدولوەفا دەستی لە ئەندامێتیی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان کێشایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، دوو ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە.
 
شوناس شێرکۆ جدی، ئەندامی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " هەریەکە لە شەماڵ عەبدولوەفا، سکرتێری کاروباری باژێرەکان و عەدنان عوسمان، سکرتێری جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان لە ئەندامێتیی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان کێشایەوە، تاوەکو ئێستاش دەستلەکارکێشانەوەکانیان پەسند نەکراوە".
 
ئەو ئەندامەی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان گوتیشی "کاک شەماڵ دوێنێ شەو دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە ئەندامێتی خانەی راپەڕاندن پێشکەش کردووە، هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی باس نەکردووە؛ بەڵام چەند مانگێک لەمەوبەر داوای مۆڵەتی تەندروستیی بۆ ماوەی مانگێک کردبوو کە باری تەندروستیی رێگەی کارکردنی نادات، بەڵام نازانین هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی پەیوەندیی بە لایەنی تەندروستییەوە هەیە یاخود نا".
 
شوناس شێرکۆ جدی باسی لەوەش کردووە "عەدنان عوسمان ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کردووە، هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەشی روونکردووەتەوە، کە پێیوایە ئەو شێوازی ئیشکردنەی ئێستای گۆڕان پێناچێت بە دڵی ئەو بێت؛ بەڵام وەکو گۆڕانخوازێک بەردەوام دەبێت. واتە؛ تەنیا دەستی لە بەرپرسیارێتی کێشاوەتەوە نەک بزووتنەوەکە".
 
شوناس شێرکۆ، ئەوەشی گوت "هەردوو ئەندامەکەی خانەی راپەڕاندن، پێشتریش لە مانگی 9ی ساڵی رابردوو دەستلەکارکێشانەوەیان لە بەرپرسیارێتی پێشکەش کردبوو. برادەران هەموومان تەمەننای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین لە هەر ئۆرگانێکی دیکەی بزووتنەوەی گۆڕان ئیش بکەن"، رەتیشیکردەوە ئەندامانی دیکەی خانەکە دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردبێت.
 
پێشتر عەدنان عوسمان، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند و گوتی "پێموایە هیچ هەنگاوێکی گەورە نەنراوە و نانرێت. گۆڕان لە حاڵەتێکی متبوونی ترسناکدایە، نە پرۆژە هەیە و نە هیچ پێشنیازێک کاری لەسەر دەکرێت".
 
لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا عەدنان عوسماندا هاتووە "لە ئێستادا جگە لە کات بەڕێکردن، هیچ ئاسۆیەکی دیکە لە کاری خانە نابینم. بەم شێوەیە تاوەکو دێت خەونە گەورەکان و، ئەو هیوایەی بەشێکی بەرچاوی هەڵسوڕاوان لەسەر ئەم خولەی خانە هەیانبوو، وا خەریکە دەبێتە سەراب".
 
خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، لە حەوت ئەندام پێکهاتووە، کە رێکخەری گشتی و سکرتێرەکانی کاروباری جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی گشتی، ژوورەکان، باژێرەکان، فراکسیۆنەکان و کاروباری خەڵک لەخۆدەگرێت.