عەدنان عوسمان لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی: گۆڕان لە متبوونێکی ترسناکدایە

رووداو دیجیتاڵ

عەدنان عوسمان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند و دەڵێت "پێموایە هیچ هەنگاوێکی گەورە نەنراوە و نانرێت. گۆڕان لە حاڵەتێکی متبوونی ترسناکدایە، نە پرۆژە هەیە و نە هیچ پێشنیازێک کاری لەسەر دەکرێت".

لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا عەدنان عوسمان، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لەوە کردووە "لە ئێستادا جگە لە کات بەڕێکردن، هیچ ئاسۆیەکی دیکە لە کاری خانە نابینم. بەم شێوەیە تاوەکو دێت خەونە گەورەکان و، ئەو هیوایەی بەشێکی بەرچاوی هەڵسوڕاوان لەسەر ئەم خولەی خانە هەیانبوو، وا خەریکە دەبێتە سەراب".

ئەو ئەندامەی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەکە پێیوایە، "ئەو حاڵەتە چەقبەستووە" هۆکاری خۆی هەیە و دەشڵێت "لە سەرووی هەموویەوە نەبوونی دیدگایەکی رۆشنە بۆ کاری پێکەوەیی و ئیشی دامەزراوەکان و ئایندەی گۆڕان. کە دیدگاش نەبوو، بە دڵنیاییەوە هیچ پلانێکی تۆکمەش نابێت بۆ هەڵسوڕاندنی ئیش و کارەکان".

نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی عەدنان عوسمان بەرواری 14ی ئەیلوولی 2020ی بەسەرەوەیە، بەڵام ئەو دەڵێت، دەستلەکارکێشانەوەکەی لە 10ی کانوونی دووەمی 2021 پێشکێشی جڤاتی بزووتنەوەکەی کردووە "بەهۆی فشاری دڵسۆزان و هاوڕێیان و بەڵێنی هەندێک هەنگاو، ناچارکرام دان بەخۆمدا بگرم. ئێستا بۆئەوەی چیتر هۆکاری سەرئێشە بۆ خۆم و ئەوان نەبم، دوا بڕیاری کۆتایی خۆم دا".

هەروەها لە کۆتایی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی ئەوەی خستووەتەڕوو "گەیشتمە ئەو بڕوایەی کە مانەوەم لە خانە هیچ سوودێکی نە بۆ بزووتنەوەکە و نە بۆ گۆڕانخوازان تێدا نییە".