ئاسیاسێڵ بۆ یەکەمجار خزمەتگوزاریی 4G لە هەرێمی کوردستان و عێراق کارادەکات

17-01-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن ئاسیاسێڵ 4G
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەمزووانە و بۆ یەکەمجار کۆمپانیای ئاسیاسێڵ نەوەی چوارەمی ئینتەرنێت، ناسراو بە 4G، لە هەرێمی کوردستان و عێراق کارادەکات بۆ بەکارهێنەرانی مۆبایل.
 
ئێستا بەکارهێنەرانی تۆڕی پەیوەندییەکانی ئاسیاسێڵ دەتوانن لەڕێگەی ناردنی کورتەنامەوە بۆ ژمارەی (#393*)وە بزانن ئاخۆ سیمکارتەکەیان لەگەڵ سیستەمی 4G دەگونجێت، هاوکات ئاخۆ ئامێری مۆبایلەکەیان لەگەڵ سیستەمی 4G گونجاوە یاخود نا.
 
عەبدوڵڵا حەسەن، گوتەبێژی فەرمیی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ رایگەیاندووە، ئەگەر سیمکارتەکە نەگونجاو بوو، ئاسیاسێڵ ئامادەیە بەبێ بەرامبەر سیمکارتەکە بۆ بەکارهێنەرانی بگۆڕێت، بەمەرجێک سەردانی بنکەکانی فرۆشتنی کۆمپانیاکە بکەن.
 
نەوەی چوارەمی ئینتەرنێت، ناسراو بە 4G، بۆ یەکەمجار لە ئەمریکا دروستکراوە و بەشێوەیەکی بازرگانی لە سوێد و نەرویج بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2009 بەکارهاتووە، و خێراییەکەی 10 هێندەی خێرایی خزمەتگوزاریی نەوەی سێهەمی ئینتەرنێت 3Gیە.
 
هەرچەندە بەشێک لە کۆمپانیاکانی هێڵی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان پێشتر نەوەی چوارەمی 4Gیان خستووەتە بەردەست بەکارهێنەران، بەڵام ئەمە یەکەمجارە کۆمپانیایەکی پەیوەندییەکانی مۆبایل سیستەمی 4G بێنێتە هەرێمی کوردستان و عێراق، بڕیاریشە ئاسیا سێڵ لە چەند هەفتەی داهاتوو ئەو سیستەمە کارا بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە