کرێکارێک لە سلێمانی بڕێکی زۆر دۆلار و یۆرۆ دەدۆزێتەوە و بەدوای خاوەنەکەی دەگەڕێت

رووداو دیجیتاڵ

کرێکارێک لە سلێمانی بڕێکی زۆر دۆلار و یۆرۆ دەدۆزێتەوە و بەدوای خاوەنەکەیدا دەگەڕێت. دەڵێت هیچ پاداشتێکم ناوێ و ئەگەر پاداشتی دا بە سێ خێزانی هەژاری دەدەم.
 
عەلی فەتاح حوسێن، هاونیشتمانییەکی خەڵکی سلێمانی بەیانی ئەمڕۆ جانتایەک پارە دەدۆزێتەوە کە دۆلار و یۆرۆی تێدایە و لە رێگەی رووداو بەدوای خاوەنەکەیدا دەگەڕێت. عەلی فەتاح دەڵێت، من کرێکار بووم و ئێستا لەپێ کەوتووم و نەخۆشم و لەماڵەوە دانیشتووم
 
لەبارەی چۆنیەتیی دۆزینەوەی ئەو پارەیە، عەلی فەتاح حوسێن گوتی، لەکاژێر 07:00ـی بەیانی بۆ پرسە دەڕۆیشتم لە نێوان بانکی باخان و نەخۆشخانەکە عەلاگەیەکم بینی، رۆیشتم وتم نەکا زبڵ و خاشاک بێت با لەسەر جادەکە لایدەم، کە بەرزم کردەوە بینیم پارەیە و دۆلار و یۆرۆی تێدایە، چوومە مزگەوت نوێژمکرد و لەوێ پشکنیم بزانم ژمارەیەک یان ناسنامەیەک یان شتێکی تێدا نییە خاوەنەکەی بناسمەوە، بەڵام هیچی تێدا نەبوو.
 
سەبارەت بە دڵنیایی لەوەی پارەکە ساختە نییە، عەلی فەتاح حوسێن گوتی: پارەکەم بردە شوێنێک و پشکنینمان بۆکرد دەرکەوت ساختە نییە. پارەی عێراقی تێدا نییە، هەمووی دۆلار و یۆرۆیە و پارەی بیانیشی تێدایە.
 
عەلی فەتاح دەڵێت، "من لەترسی خوا ئەو پارەیە بۆ خاوەنەکەی دەگەڕێنمەوە، من کامێرەی خوام لەسەرە و تەنهاش لەبەر خاتری خوا ئەو پارەیە دەگەڕێنمەوە. هیچ پاداشتێکیشم ناوێ و بەڵێنمداوە بەخوای خۆم ئەگەر خۆی پاداشتی دا دەیدەمە سێ خێزانی هەژاری دراوسێمان". 
 
عەلی فەتاح حوسێن کە لە گەڕەکی کارێزەوشکی سلێمانی دادەنیشێت، دەڵێت: منداڵەکانیشم ئاگادارن و ئەوانیش هەمان را و بۆچوونی منیان هەیە. ئیستاش تەنیا دەمەوێت ئەو خاوەنەی بدۆزمەوە و ئەو ئەمانەتەی رادەست بکەمەوە.