کچێک لە کەمپی دارەشەکران کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت

رووداو-هەولێر

شەوی رابردوو لە کەمپی دارەشەکران کچێکی ئاوارەی نیشتەجێی ئەو کەمپە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا و باوکی کچەکەش دەڵێ، کچەکەم هیچ کێشەیەکی نەبوو، من لەگەڵ میوانەکانم دانیشتبووم، چای بۆ دروستکردم و چای بۆ هێنام، دواتر هەواڵیان پێدام کە خۆی خنکاندووە.


رەنگین شەرۆ، پەیامنێری رووداو لە کەمپی دارەشەکران لە هەولێر رایگەیاند: شەوی رابردوو 16-1-2019 لە کەمپی دارەشەکران لە هەولێر کچێکی تەمەن 14 ساڵ کە پەنابەری رۆژئاوای کوردستانە خۆی خنکاند و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

لەبارەی هۆکاری خۆکووشتنەکەی فەرحان عابد، باوکی ئەو کچە 14 ساڵە بە رووداوی راگەیاند: "کچەکەم هیچ کێشەیەکی نەبوو، من لەگەڵ میوانەکانم دانیشتبووم، چای بۆ دروستکردم و چای بۆ هێنام، دواتر دوو منداڵی دیکەمان چوونە خانووەکەی لەو کاتەی من لەگەڵ میوانەکانم دانیشتبووم، کچە بچووکەکە هات و گوتی خاڵۆ، رەوعە خۆی کوشتووە، منیش بانگی کوڕەکەم کرد و گوتم بڕۆ سەیر بکە با ئەو منداڵانە نەترسێنێت، هات و گوتی بابە وەرە رەوعە خۆی خنکاندووە، ئێمەش چووین شریتەکەمان لە ملی کردەوە بەڵام هیچ هەناسەیەکی نەبوو، پاشان بردمانە نەخۆشخانە بەڵام بێ سوود بوو".

باوکی رەوعە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کچەکەی هیچ کێشە و گرفتێکی نەبووە و دەڵێ: " بە ئارەزووی خۆی لە کەمپ دەگەڕا و دەچووە ماڵە دراوسێیەکانی و هەمووشیان لێی رازیبوون، ئێمەش لێی رازیبووین، هیچ ستەمێکمان لێی نەکردووە، ئەو کچی من بوو، خۆشەویستی دڵی ئێمە بوو".