مامەڵەی ژنانی کوردی ئێزدی کە لە دەرەوە دەژین بە ڤیدیۆ کۆنفرانس رایی دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار بە ڤیدیۆ کۆنفرانس مامەڵەی ژنانی کوردی ئێزدی لە دوورە وڵاتەوە رایی دەکرێت. بەڕێوەبەری کاروباری رزگاربووانی ئێزدی لە وەزارەتی کار و کاروباری عێراق دەڵێت، بۆ سوودمەندبوونیانە لە یاسای رزگاربووانی ژن و کچانی ئێزدی و گەواهیدانە لەسەر تاوانەکانی داعش.
سراب ئیلیاس، بەڕێوەبەری کاروباری رزگاربووانی ئێزدی لە وەزارەتی کار و کاروباری عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ یەکەمجارە بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس لە نەینەواوە، چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنان و کچانی ئێزدی دەکرێت، کە لە دەرەوەی وڵاتن".
پرۆسەکە بە سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی نەینەوا/ دادگەی لێکۆڵینەوەی ئەلقوش و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق/ فەرمانگەی مافەکانی مرۆڤ بەڕێوەدەچێت، تاوەکو ئاسانکاری بکرێت بۆ ئەو ژنە کوردە ئێزدییانەی کە لە دەرەوەی وڵات دەژین.
سراب ئیلیاس گوتی، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو یەکەم چاوپێکەوتنی لەم شێوەیە کرا. پێنجشەممەی هەموو هەفتەیەک دیاریکراوە و دادوەرێک لە ئەلقوش بە ڤیدیۆکۆنفرانس چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنانی ئێزدی دەکات، کە لە دەستی چەکدارانی داعش رزگاریان بووە و ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەژین.
بەگوتەی بەڕێوەبەری کاروباری رزگاربووانی ئێزدیی لە وەزارەتی کار و کاروباری عێراق، ئەمانە لە باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکانی عێراق چاوپێکەوتنیان بۆ رێکدەخرێت. بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری ئێزدییەکان لە ئەڵمانیا دەژین چاوپێکەوتنیان لە باڵیۆزخانەی عێراق لە بەرلین، کۆنسووڵخانەی عێراق لە فرانکفۆرت بۆ رێکدەخرێت و لە فەرەنساش لە پاریس چاوپێکەوتنیان بۆ رێکدەخرێت.
سراب ئیلیاس گوتی: "هەر ئێزدییەک لە هەر وڵاتێک بێت دەتوانێت داواکاری پێشکێش بکات، تاوەکو ئێستا 67 کەس داواکارییان پێشکێشکردووە".
رۆژی 01-03-2021، پەرلەمانی عێراق یاسای ژمارە 8ی ژنانی رزگاربووی ئێزدی پەسندكرد. بە گوێرەی یاساکە دەبێت سەرجەم رزگاربووانی دەستی داعش قەرەبوو بکرێنەوە. سەراب ئیلیاس، گوتی، ئەو ژنە رزگاربووانەی دەستی داعش مووچەی مانگانەیان 800 هەزار دینارە.
بەڕێوەبەری کاروباری رزگاربووانی ئێزدی لە وەزارەتی کار و کاروباری عێراق راشیگەیاند، دادوەرەکە هەر پێنجشەممەیەک دەتوانێت چاوپێککەوتن لەگەڵ 3 بۆ 5 کەس بکات. گوتیشی: هەندێک لەو ئافرەتانە زۆر لە دەست چەکدارانی داعش ماونەتەوە، چاوپێکەوتنەکانیان کاتێکی زۆری پێدەچێت".
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال لە 3ـی ئابی 2014، داعش کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد و شەش هەزار و 417 کەسیشی رفاند.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ هەزار و 580 کوردی ئێزدی لەدوای رفاندنیانەوە رزگار کراون.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکراوانی دەستی داعش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا 70٪ـی کوردانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری لە خێوەتدا دەژین؛ هەروەها نزیکەی 250 هەزار کوردی ئێزدی لە 19 کەمپی هەرێمی کوردستاندا دەژین.
قائیدی گوتیشی: "بەگوێرەی ئەو ئامارە نافەرمییانەی لەبەردەستی ئێمەدان، 120 بۆ 130 هەزار کوردی ئێزدی چوونەتە دەرەوەی وڵات، بەتایبەت دوای ئەو جینۆسایدەی بەسەریاندا هات".