لایەنى سێیەم دەخرێتە نێو دۆسیەى زەوییە داگیرکراوەکانى کەرکووک


رووداو دیجیتاڵ

دەستەى کێشەى موڵکدارى، وەک لایەنى سێیەم دەخرێتە نێو دۆسیەى یەکلاکردنەوەى سکاڵاى 10 هاونیشتمانیی کورد لە ناحیەى سەرگەڕان و قەزاى داقووقى کەرکووک بۆ گەڕاندنەوەى زەوییەکانیان کە زیاتر لە 80 هەزار دۆنمە. هەفتەى داهاتوو دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق دانیشتنێکى دیکە لەو بارەیەوە دەکات. 
 
دانیشتنەکەى دادگە لە 24ى کانوونى یەکەم دەکرێت بۆ تاوتوێکردنى دوو سکاڵاى جیاواز کە ئەو 10 هاونیشتمانییەى کورد لە کەرکووک تۆماریان کردووە.
 
سکاڵایەکیان لەلایەن شەش هاونیشتمانیی کوردى ناحیەى سەرگەڕانى کەرکووک تۆمارکراوە، سکاڵاى دووەمیان چوار هاونیشتمانى قەزاى داقووق تۆماریان کردووە. داوا دەکەن ئەو زەوییانەیان بۆ بگەڕێنرێتەوە، کە لە دەسەڵاتى حیزبى بەعس لێیان داگیر کراون و دراون بە عەرەبى هاوردە.
 
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە هەردوو سکاڵاکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "دادگەى فیدراڵى لایەنى سێیەمى خستووەتە نێو دۆسیەکەوە، کە دەستەى کێشەى موڵکداریی عێراقە".
 
سکاڵاکان لە دژى سەرۆکى پەرلەمانى عێراقن و داوا دەکەن ئەو بڕیارانەى دەسەڵاتى پێشووى حیزبى بەعس هەڵبوەشێنرێنەوە کە بەهۆیەوە ئەو زەوییانەیان لێ داگیر کراوە.
 
سەرچاوەکەى رووداو گوتى: "نازانین بەشداریپێکردنى دەستەى کێشەى موڵکداری بۆ ئەوەیە کە بزانرێت ئەو هاونیشتمانییانە بە گوێرەى بڕیارى ئەو دەستەیە قەرەبوو کراونەتەوە، یان دۆسیەکە لە تایبەتمەندى ئەوانە یەکلایی بکەنەوە." 
 
ئەو زەوییانەى سکاڵاکان دەیانگرێتەوە، زیاتر لە 80 هەزار دۆنمە، دواى ئەوەى لەو هاونیشتمانیانەى کورد وەرگیراونەتەوە، خراونەتە سەر وەزارەتى دارایی و لەوێشەوە دەسەڵات دراوە بە وەزارەتى کشتوکاڵ بۆ مامەڵەکردن بەو زەوییانە و بە گرێبەستى کشتوکاڵى دراونەتە عەرەبی هاوردە.  
 
دەستەى کێشەى موڵکداریى عێراق تایبەتە بە یەکلاکردنەوەى خاوەندارێتى ئەو موڵکانەى لە سەردەمى دەسەڵاتى حیزبى بەعس داگیرکراوە.
 
تاوتوێکردنى ئەو دوو سکاڵایە لەکاتێکدایە پڕۆژەیاسایەک لە پەرلەمانى عێراقە بۆ هەڵوەشاندنەوەی چەند بڕیارێک کە تایبەتن بە داگیرکردنى زەویى هاونیشتمانیانى کورد و تورکمان لە کەرکووک و لە قۆناخى دەنگدانە بۆ پەسندکردنى.