رووداو دیجیتاڵ
لە پرۆگرامێکی تایبەتی تەلەڤزیۆنیدا موراد قەرەیڵان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رەتیکردەوە هیچ رێکخستنێکیان لە رۆژئاڤای کوردستان هەبێت.
موراد قەرەیلان لەبارەی نیگەرانی و هەڕەشەکانی تورکیا سەبارەت بە بوونی پەکەکە لە سووریا و رۆژئاڤای کوردستان گوتی: "ئێمە بە ئاشکرا رایدەگەیێنین، ئێمە لە رۆژئاڤا وەکو پەکەکە نین. لە رۆژئاڤا هیچ رێکخستنێکی ئۆرگانیمان نییە".
قەرەیلان باسی لەوە کرد، هەمووان دەزانن گەریلای پەکەکە کەی رۆیشتووەتە ئەو ناوچانە و کەی لێی دەرچووە، گوتی: "ئەوکاتەی داعش هات و هێرشی هێنا، ئێمە چووینە کەرکووک، هەولێر، مەخموور، شنگال، بێگومان چووینە کۆبانێ، چووینە رۆژئاڤا، بەڵام دواتر گەڕاینەوە".
قەرەیلان هەموو ئەو رەخنە و ناڕەزاییانەی ئێستای رەتکردنەوە کە باس لە بوون و هەژموونی پەکەکە لە رۆژئاڤا دەکەن و باسی لەوە کرد، لە زۆر شوێندا رێبازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان جێبەجێ دەکرێت، کە ئەمە بە مانای بوونی پەکەکە لەو ناوچەیە نایەت.
قەرەیلان هەروەها باسی لە بوونی بیرۆکە و رێبازی ئۆجەلان و ئاپۆیی لە ئەرجەنتین و پاکستان کرد و جەختیکردەوە کە ئەوان پەکەکە نین، بەڵام لەسەر ئەو بنەمایە بزووتنەوەیان دروستکردووە.
ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە هەروەها رایگەیاند، پێشتر چەندین پارتی کۆمۆنیست هەبوون و هەموویان بیرۆکەی مارکسیزمیان بە بنەما گرتبوو، بەڵام هیچ یەکیان لەسەر ئەوەی دیکە بەرپرس نەبوو.
قەرەیلان گوتیشی: "ئاپۆیی بە هەمانشێوە فەلسەفەیەکە. ئەگەر هەندێک لە رێکخستنەکانی رۆژئاڤا ئەو هێڵە بە بنەما دەگرن، ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئەوان پەکەکەن. پەکەکە رێکخستنەکە سیستمی نێوخۆیی تایبەت بە خۆی هەیە و بەرنامەی خۆی هەیە. پەکەکە بەرپرسە لە خۆی".
ئەمە لەکاتێکدایە تورکیا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە باڵی پەکەکە دەناسێنێت و پێداگرە لەسەر ئەوەی کە نابێت هەسەدە لە سووریای نوێدا پێگەی هەبێت. هەسەدە هاوپەیمانی ئەمریکایە و ساڵانە پێنتاگۆن بودجەی تایبەت بۆ پشتیوانیی سەربازیی هەسەدە تەرخان دەکات.
پەکەکە ساڵی 1978 وەکو رێکخراوێکی سیاسی دامەزرا، بەڵام لە ساڵی 1984ـەوە شەڕی دژی سوپای تورکیا دەستپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ