رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک رایگەیاند، ئەمڕۆ وەک تاقیکردنەوە بۆ یەکەمجار لە کەمپی شاریا مامەڵەی کارتی نیشتمانی بۆ ئاوارەکان دەستیپێکرد.
دووشەممە 16ی کانوونی یەکەمی 2024، پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ئەمڕۆوە مامەڵەی کارت نیشتیمانی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان دەستیپێکرد، لە کەمپی شاریا نووسینگەیەک دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی کاروباری دەرهێنانی کارتی نیشتمانیی ئاوارەکان هەر لەوێ بکرێت."
زیاتر لە 20 هەزار ئاوارە لە کەمپەکان هەن. بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک گوتی: "هەر ئاوارەیەک کارتی نیشتمانی نەبێت، کاتی بۆ دادەنرێت بۆ چاوپێکەوتن، کاتێک مامەڵەکانیان تەواو کرا، پێویستە دوای دوو رۆژ بۆ پەنجەمۆر سەردانی دهۆک بکەن، دوای 10 رۆژ هەر لە کەمپ کارتەکەیان دەدرێتەوە.''
ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، کردنەوەی نووسینگەیەکی بۆ جێبەجێکردنی کاروباری دەرهێنانی کارتی نیشتیمانی بۆ ئاوارەکان لە کەمپی شاریا راگەیاند.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ''خەڵکی ئێمە لە کەمپی شاریا کێشەی سەرەکییان بۆ دەرهێنانی کارتی نیشتمانی، گەڕانەوە بۆ شنگال بوو، بەڵام دەزانین کە هیچ شتێک بەڕێوەناچێت، ئەگەر کارتی نیشتمانیمان نەبێت، بۆیە وەکو کارئاسانی بۆ ئاوارەکان، لە بری چوونیان بۆ شنگال، هەر لە کەمپەکان مامەڵەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانییان بۆ تەواو دەکرێت."
بەگوتەی ڤیان دەخیل، نزیکەی ساڵێکە کار بۆ ئەوە دەکەن کە مامەڵەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی هەر لە کەمپەکان بکرێت، ڤیان دەخیل گوتی: ''تیمێک قۆناخ بە قۆناخ دەستپێدەکات و هەموو کەمپەکان دەگرێتەوە، رۆژانە بە هاوکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە و باری شارستانیی دهۆک، 100 کارتی نیشتمانی دەردەهێنێت''.
لەبارەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانیی ئەو ئاوارانەش کە لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین ڤیان دەخیل دەڵێت، ''ئەوانیش لە قۆناخی داهاتوودا لەبەرچاودەگیرێن، بەڵام ئێستا سەرنجمان لەسەر ئاوارەکانی نێو کەمپەکانە.''
لە ساڵی 2014 داعش هێرشی کردە سەر شنگال، زیاتر لە 360 هەزار کەس بەو هۆیەوە ئاوارە بوون، بەشێک لەوان چوونە دەرەوەی وڵات و بەشێکی دیکەشیان گەڕانەوە. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان، هێشتا 200 هەزار کەس ئاوارەن.
ئاوارەکانی شنگال لە پارێزگای دهۆک لە 14 کەمپ و شوێن نیشتەجێکراون و بەشێکیشیان لە دەرەوەی کەمپەکان لە سنووری پارێزگاکە دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ