رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، لە سنووری ناحیەی دیبەگە لە هەولێر، چوار ئەندامی یەک خێزان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە لەنێوان پیکابێک و بارهەڵگرێکدا بووە؛ سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هەولێر دەڵێت، "شۆفێری بارهەڵگرەکە خۆی رادەست کردووە".
ئەمڕۆ دووشەممە، رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو پاش بەدواداچوون رایگەیاند، " لە سنووری ناحیەی دیبەگە چوار کەسی خێزانێک بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستدا، ئەو کەسانەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە گەنجێکە لەگەڵ دایکی، هاوژینەکەی و خوشکێکی".
هاوکات سەرهەد ئەحمەد، کەسوکاری ئەو خێزانەی گیانیان لەدەستداوە بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ ئێوارە عەبدولڕەزاق حوسێن ئەو کوڕەی کە شۆفێری کردووە، دایکی نەخۆش بووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە گوندی چەڵتووک گواستویەتیەوە بۆ نەخۆشخانەی دیبەگە، کە هاوسەرەکەی و خوشەکەکەشی لەگەڵ بووە".
سەرهەد ئەحمەد گوتیشی، "لە رێگەی کارگەی چیمەنتۆی دیبەگە، لەگەڵ بارهەڵگرێکی کارگەکە بەریەککەوتوون، هەر چواریان گیانیان لەدەستداوە، ئەوەی ئێمە زانیومانە ئەوان لە سایدی خۆیان بوون، بارهەڵگرەکە سەرپێچی کردووە".
بە گوتەی سەرهەد ئەحمەد "هەر لە گوندی خۆیان لە چەڵتووک لە سنووری ناحیەی دیبەگە بە خاک دەسپێردرێن".
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هەولێر بە رووداوی گوت، "ئەم رووداوە لە کاژێر 8:00ی ئێوارە لە بەرامبەر گوندی عالا لە دیبەگە، لە نێوان بارهەڵگرێک و پیکابێک روویداوە، دوای ئەوە شۆفێری بارهەڵگەرەکە خۆی رادەستی پۆلیسی دیبەگە کردووە و ئێستا راگیراوە".
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، گەنجەکە ناوی عەبدولڕەزاق حوسێن ئەحمەدە و لەدایکبووی 1997ـە. کارمەندی کێڵگەی نەوتی خورمەڵە بوو.
دایکی ناوی کەتان مەولوودە و لەدایکبووی 1964ـە، خوشکەکەی ناوی سەیرانە و لەدایکبووی 1994ـە.
هەروەها هاوژینەکەی عەبدولڕەزاق ناوی هۆزان یاسینە و لەدایکبووی 2000ـە، تەنیا دوو مانگە ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ