رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵخانەی هیندستان لە هەولێر رەتیکردەوە لە بۆنەیەکدا لە شاری دهۆک، ئاڵای هاوڕەگەزخوازانیان (پەلکە زێڕینە) بەرز کردبێتەوە.
رۆژی 14ی ئەم مانگە گرووپێکی سەمای هیندی کە بەشدارییان لە یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی سینەمایی دهۆک کردبوو، ئاڵایەکیان بەرزکردەوە، کە ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێناوە.
هاونیشتمانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێن، ئەو ئاڵایەی بەرزکراوەتەوە، ئاڵای هاوڕەگەزخوازانە، بەڵام مادان گۆپال، کۆنسووڵی هیندستان لە هەرێمی کوردستان، رەتیدەکاتەوە کە ئاڵای هاوڕەگەزخوازانیان بەرزکردبێتەوە.
مادان گۆپال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرەتا دەمەوێت روونیبکەمەوە کە ئەوە بە مەبەست نەکراوە. بەڵکو هەندێ کەس هەڵە تێگەیشتوون. تێناگەم چۆن ئەم رەنگانە بەو شتەوە دەبەستنەوە".
کۆنسووڵی هیندستان گوتیشی، "رەنگە ئەو کەسانە هەڵە لە رەنگەکان تێگەیشتبن لەبەر ئەوەی هیندستان بە رەنگەکان بەناوبانگە، بۆیە هیچ شتێک بە مەبەست نەبووە و تەنیا بەشێک بووە لە نمایشەکە و هیچ پەیوەندی بە هاوڕەگەزخوازانەوە نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ