کۆمیسیۆن: هەفتەی داهاتوو پاداشتی دارایی کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان دابەش دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی پاداشتی دارایی کارمەندانی سەر سندووق تەواو بوون، هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
 
دووشەممە 16ی کانوونی یەکەمی 2024، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بوون، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی کۆمسیاران واژۆ لەسەر دابەشکردنی پاداشتە داراییەکانی کارمەندان بکات و لە کۆتایی هەفتەدا پاداشتەکە دابەش دەکرێت.
 
زیاتر لە 41 هەزار کارمەند بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی دەنگدان تۆمارکران، کە فەرمانبەر و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان بوون.
 
بە گوتەی نەبەرد عومەر، پاداشتەکە بۆ هەر کارمەندێکی ئاسایی ناوەند و بنکەکان کە فەرمانبەر بێت، 150 هەزار دینارە؛ ئەو کارمەندانەش کە فەرمانبەر نین 250 هەزار دینارە.
 
دەنگدانی تایبەت رۆژی 18ـی تشرینی یەکەم و دەنگدانی گشتیش رۆژی 20ـی هەمان مانگ بەڕێوەچوو.